قائیمقامی موسڵ: زیاتر لە 4 هەزار تەرم لە ژێر خانوو و باڵاخانە رووخاوەكان دەرهێندراون
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی موسڵ رایگەیاند، تاوەكو ئێستا لێژنەی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی تەرمەكان زیاتر لە 4 هەزار تەرمیان لەژێر داروپەردووی باڵاخانە و خانووە رووخاوەكانی موسڵ دەرهێناوە.
زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەرەتای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ لێژنەیەكمان لە پزیشكی داد، بەرگری شارستانی، ئەندازیاری سەربازی و شارەوانیی موسڵ پێكهێنا بۆ دەرهێنانی ئەو تەرمانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە لە دەست داعش كەوتبوونە ژێر داروپەردووی باڵاخانەو خانووە رووخاوەكان."
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەدا لەیەكەم رۆژی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە لێژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە، تائێستاش زیاتر لە 2 هەزار تەرمی چەكدارانی داعش و نزیكەی 2 هەزار و 193 تەرمی هاووڵاتیانی شارەكەیان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان دەرهێناوە، كاركردنیش بۆ دەرهێنانی تەرمەكانی دیكە بەردەوامە.
پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری موسڵ لە دەسەڵاتی داعش، تائێستا لەو شارەدا، تەرمەکان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماون.
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی موسڵ بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمەکاندا، ئەمڕۆ سێشەممە تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی بە هاوكاری و هاوئاهەنگی فەرمانگەی پزیشكی داد و شارەوانیی موسڵ، 93 تەرمیان لە گەڕەكەكانی موسڵی كۆن دەرهێناوە، كە پێشتر لەلایەن چەكدارانی داعش كوژراون
بەپێی داتاکانی بەرگریی شارستانی نەینەوا، ساڵی رابردوو زۆرترین تەرم لە ناوچەكانی شەهوان، مەیدان، فاروق، بابولكش و قلێعات لە موسڵی كۆن دەرهێندراون، هێشتا چەندین تەرمی دیكە لەو ناوچانە ماون و تیمەكانی بەرگری شارستانیش لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دەرهێنانیان.