پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەربکرێن

 
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا پرۆژەبڕیارێکی پێنج خاڵیی پەسندکرد و بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەربکرێن.
 
ئەو خاڵانەی پەرلەمان بڕیاری لەسەردا بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
 
- هەڵوەشانەوەی ئەو داواکارییەی کە پێشتر عێراق ناردبووی بۆ هاوپەیمانی دژی داعش.
- پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق کە رێگەنەدات هیچ هێزێکی بیانی بە هەر هۆکارێک بێت خاک و ئاو و ئاسمانی بەکاربهێنێت.
- سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.
- وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئەمریکا تۆماربکات بەهۆی پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتە لە دژی عێراق.
- حکومەتی عێراق خێرا لێکۆڵینەوە بکات لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئەنجامەکەی بە پەرلەمان رابگەیێنێت.
 
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 عێراق لە رێگەی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی ئەوکات بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی راگەیاندبوو پێشوازی لە هاوکاری و یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن لە عێراق؛ ئەوکات عێراق جگە لە هاوکارییەکانی دیکە داوای هاوکاریی سەربازیی لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کردبوو.