سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەریی هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ و پلاندانان گەیشتە پەرلەمان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە باڵەخانەی پەرلەمان لەلایەن مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازیی لێکرا.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، هەریەک لە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە.محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ یاوەری سەرۆکوەزیرانن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پێشووی نووسینگەکەی، بڕیارە سوودانی قسە لەبارەی سیاسەتەکانی حکومەت و رێکارەکان بکات، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پەرەسەندنە هەنووکییەکانی گیراونەتەبەر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، تیشک دەخاتەسەر بەرنامەی حکومەت و کارە لەپێشینەکانی و ئەوانەی بەدیهێناون، لەگەڵ ئەو پرۆژەیاسانەی کە گرنگ و پێویستن بۆ تەواوکردنی پلانی پەرەپێدان.
بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان بەمشێوەیە:
یەکەم: میوانداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دووەم: دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی.
سێیەم: دەنگدان بە پێشنیازی پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023،2024 و 2025). هەموارەکەی مادەی 12یە، کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەرلەمان باسی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و کاریگەری بەسەر عێراق و دۆخی ناوچەکە و گرتنەبەری رێوشوێنەکان دەکات.