سەرۆکی دامەزراوەیەکی دەستپاکی: ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەرچاوەیەکن بۆ گەندەڵی

04-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەنتەرێکی ئابووری لە عێراق دەڵێت، خەرجیی ساڵانەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاتر لە 20 ملیار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، دەشڵێت هەر ئەندامێکی ئەنجوومەن مانگانە دوو ملیۆن و 600 هەزار دینار وەردەگرێت. سەرۆکی دامەزراوەیەکی دەستپاکیش پێیوایە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق "سەرچاوەیەکن بۆ گەندەڵی".
 
بڕیارە 18ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەبچێت کە لە نزیکەی شەش هەزار بەربژێر 285 کەسیان دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ خەرجیی و قورسایی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق، دەردەکەوێت هەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا مووچەکەی 2 ملیۆن و 600 هەزار دینار دەبێت، کە کۆی گشتی مووچەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە 285 کەسن، مانگانە دەگاتە 741 ملیۆن دینار، واتە لە ساڵێکدا 8 ملیار و 892 ملیۆن دینار، ئەگەر خولەکە بەبێ درێژکردنەوە و وادەی یاسایی خۆی تەواوبکات، ئەوا لەماوەی چوار ساڵدا سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕی 35 ملیار و 586 ملیۆن دینار، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەشدا هێندەی مووچەکانیان دەرماڵە و پارەی دیکەشیان بۆ تەرخاندەکرێت.
 
جگە لە مووچە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئیمتیازاتی پاسەوان، دابینکردنی ئۆتۆمبێل، بەنزین، پاری دیکە بەناوی دەرماڵەوە تەرخاندەکرێت، هەرچەندە بڕەکەیان یەکلایی نەبوونەتەوە، بەڵام نزیکەی مووچەکانیان لەسەر حکومەت دەکەوێت.
 
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023 ویسام حەمدل، سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگاکان زنجیرەیەکی زیادەیە لە دەوڵەتی عێراق، تەنیا خەرجکردن و بەهەدەردانی پارەیەکی زۆرە کە ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 20 ملیار دینار، چونکە لە دوای ساڵی 2003ـەوە خەڵک چاوەڕوانی لە پەرلەمان نییە، ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگاکان چی بۆ دەکات، بۆیە پێویست نییە و نە دەبوو دیسانەوە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بهێندرێنەوە."
 
هەروەها محەممەد روبەیعی، سەرۆکی دامەزراوەی نەهرێن بۆ شەفافیەت و دەستپاکی، رۆژی دووشەممە، 3-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەرچاوەیەکن بۆ گەندەڵی، چونکە بەپێی راپۆرتەکانی دەزگای چاودێریی دارایی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ساڵی 2019 بووەتە هۆی بەهەدەردانی نزیکەی یەک تریلیۆن دیناری عێراقی کە زۆرینەیان بەهۆی گرێبەست و پڕۆژەی وەهمییەوە بووە."
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.
 
لەو بەربژێرانە 4 هەزار و 242یان لە رەگەزی نێرن، واتە 71.8٪ـی کۆی بەربژێران. هەروەها هەزار و 662شیان لە رەگەزی مێن، واتە 28.1٪ـی بەربژێران، بەو پێیە هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگا زیاتر لە 20 بەربژێری بەردەکەوێت.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت