رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی عەرەب و تورکمانەکان کۆبووەوە کە تێیدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردبوو.
لەو بارەیەوە، دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنی دادگەدا بڕیاردرا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک لایەنی سێیەم بێتە نێو دادگاییەکەوە و گوتەی لێوەربگیرێت، گوتیشی، لەبەر ئەو هۆکارە بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە درا بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو.
سکاڵاکان لەلایەن نەجاح حەسەن ئیبراهیم، ئەندامی لیستى قیادەى سوننە و سەفوەت ساڵح، ئەندامی لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو تۆمارکراون کە هەردووکیان بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک و داوا دەکەن؛ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژارنەکانی عێراق ناچار بکرێت هەڵبژاردن لە کەرکووک دوابخات تاوەکو دواى وردبینیکردن لە تۆمارى دەنگدەرانی پارێزگاکە.
حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ کاروبارى بەربژێران، رۆژی 27ـی تشرینی دووەم بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "وردبینى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک کۆتاییهاتووە و ئەو لیژنەیەى وردبینیی کردووە، راپۆرتى بەرزکردووەتەوە و لەو ماوەیەى دیاریکرابوو بۆ تانەلێدانى، هیچ تانەیەک لە ئەنجامى ئەو وردبینییە نەدرا."
حەسەن ئەبو مەسار گوتیشى، "بەو پێیەى لە ماوەى دیاریکراودا بۆ تانەدان، تانە لە تۆمارى دەنگدەران و ئەنجامى وردبینییەکە نەدرا، پێشبینی دەکرێت سکاڵاکان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە رەتبکرێنەوە."
یەکەم جارە لە دواى 18 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت کە یەکێک لە هۆکارەکانى دواخستنى ناکۆکى بوو لەسەر تۆمارى دەنگدەرانى.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 15 کورسیە؛ ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاکە 870 هەزار و 920 دەنگدەرە؛ 813 هەزار 590ـیان گشتین و 57 هەزار و 330ـیشیان لە دەنگدانى تایبەت بەشدار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ