20 حیزب و لایەنی سیاسی کێبڕکێ لەسەر 26 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێو لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدیدەکرێت، بە جۆرێک کە سوننەکان بە نزیکەی 20 حیزب و هاوپەیمانێتی لە کێبڕکێکەدان؛ هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنەکە ئامادە کردووە. دەشڵێن، حکومەتی خۆجێیی داهاتووی نەینەوا کاری لەپێشینەیانە.
 
عەلی خزەیر، سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدوم دەڵێت، "کارەکانی ئێمە دامەزراوەییە، بۆیە لە گۆڕەپانی سیاسی وادەکات ببینە ئەمری واقیع، بەوپێیەی کە کەسەکانی هەڵمانبژاردون بۆ هەڵبژاردنەکان کەسانی شیاون، لەسەرووی هەمووشیانەوە سەرکردایەتییەکی بەهێزمان هەیە لە بەغدا ئەویش سەرۆک محەممەد حەلبووسیە، حیزبی تەقەدوم بەوە دەناسرێتەوە کە کارەکانی دامەزراوەیین و لایەنگرانی کاندیدەکانمان بەهێزن، بێگومان ئەمە وادەکات باشترین بین، لەداهاتوودا دەبینە لیستی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا."
 
‎نەینەوا کە بە پایتەختی سونەکان لە عێراق دادەنرێت کەچی، چوار هاوپەیمانی و نزیکەی 39 بەربژێری شیعە لەو پارێزگایە خۆیان کاندید کردووە.
 
هاوپەیمانی حەدبای نیشتمانی کە لە شەش لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان پێکهێندراوە، بە 52 بەربژێرەوە لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە. لەنێویاندا دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی بە 11 کاندید ئامادەیی تەواویان کردووە و، دەڵێن، دانانی پارێزگای داهاتووی ئەم شارە ئەوان دیاریدەکەن.
 
‎مەعد خالدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "بێگومان، هاوپەیمانی و حیزبەکانی دەستڕۆیشتوو لە پارێزگاکان لە هەموو هەڵبژاردنێک کار لەسەر راکێشانی هەستی خەڵک و ترساندنیان دەکەن، ئەوەش لە رێگەی راگەیاندن ئەم کارە دەکەن، بەڵام ئێمە ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە بانگەشانە، ئێمە بانگەشەکەمان یەکەم دەبێت لە پارێزگای نەینەوا، ئێمە کارمان لەسەر ژینگەی موسڵ کردووە، هەروەها لەسەر تاکەکەسەکان و بانگەشەیەکی باش دەستپێدەکەین و ئەمەش گۆڕەپانەکەیە بۆ هەموو کەسێک کراوەیە و ململانێش دەست پێدەکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی رۆژی  18ی مانگی 12یە کە سندووقەکانی دەنگدان دەبنە ناوبژیوان لە نێوان ئێمە و حیزبەکانی دیکەی بەشدار لەهەڵبژاردن." 
 
‎دیارترین هاوپەیمانییەکانی سونە لە نەینەوا بریتین لە سیادە، عەزم، نەینەوا بۆ خەڵکەکەی، حەسم و تەقەدوم؛ بەهۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی، بەجیا لەم هەڵبژاردنە بەشدارن، فرە لیست و هاوپەیمانێتیی سونەکان لە نەینەوا بە گوتەی بەربژێران رێگە بۆ لیست و بەربژێرانی شیعە خۆشدەکات بۆ بەدەستهێنانی کورسیی زیاتری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
 
عەبدوڕحمان خەفاجی، بەرپرسی نوسینگەی هەڵبژاردنی حیزبی جەماهیری وەتەنی دەڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە یەکلاکەرەوە دەبێت لە هەموو بابەتەکانی وەک سیاسی و ئەمنی و خزمەتگوزاری، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، بەڵام بەداخەوە سونە نەیتوانی یەک هاوپەیمانی پێکبهێنێت کە رەنگە دەنگەکانمان پەرتەوازە بکات، هەموو لایەنەکانیش دروشمی خزمەتکردنیان بەرزکردووەتەوە تەنیا ئەوە ماوەتەوە کە پێویستە هاووڵاتیان بەشدارییەکی کارایان هەبێت، بڕوام وایە 40٪ـی خەڵک بەژداری هەڵبژاردندا دەکەن و ئێمەش سێ کورسی بەدەست دەهێنین."
 
محەمەد عەباس، بەربژێری هاوپەیمانیی سیادە دەڵێت، "ئێمە سەیری لیستی خۆمان دەکەین، دەبینین زۆر بەهێزین و ئامانجیشمان پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی داهاتووە، لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە هاوپەیمانی پێکدەهێنین و پارێزگاش لە ئێمە دەبێت، بەداخەوە سونە بەیەک لیست بەشدارنەبووە و ئەمەش زۆر خراپە بۆ سونەکان، ئەوە ئامانجی ئێمەیە، چونکە ئێمە نوێنەرایەتیی لیستێکی گەورە دەکەین بۆیە وای دەبینین کە بەشێکی سەرەکی دەبین لە پێکهێنانی حكومەتی خۆجێیی داهاتوو، پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەسەر بنەمای پشکپشکێن دامەزراوە، بۆیە هەموو لایەنەکان دەیانەوێ لە حکومەت بەشداربن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و پۆستی زیاتر."
 
476 بەربژێر لەنێو 20 حیزب و هاوپەیمانی و سەربەخۆکان کە سونەن، لەگەڵ لەگەڵ 143 بەربژێری دیکەی لیست و هاوپەیمانییەکانی دیکە لە نەینەوا کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 26 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و سێ کورسیش بۆ کۆتاکانی کریستیان و کوردانی ئێزدی و شەبەک دانراوە.