رووداو دیجیتاڵ
لافاو نەوتى کێڵگەکانى پارێزگاى سەلاحەدین تێکەڵ بە ئاوى رووبارى دیجلە دەکات، وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق دەڵێت "کێشەکە چارەسەر بووە". ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاش دەڵێت کێشە بۆ ئاوى خواردنەوە دروست ناکات.
تێکەڵبوونى ئەو نەوتە بە ئاوى رووبارى دیجلە لە سنوورى سەلاحەدین بەهۆى باران و دروستبوونى لافاو بووە لە رۆژی 3ى تشرینى یەکەمی 2024.
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تێکەڵبوونى ئەو نەوتە بە ئاوى رووبارى دیجلە سەرچاوەکەى کێڵگەکانى نەوتى نێوەڕاست و باشوورى پارێزگاکەیە کە نەوتیان زۆرە و لەگەڵ لافاو تێکەڵ دەبێت، لە سنوورى باشوورى شارى تکریت دەڕژێتە ناو رووبارى دیجلە.
12 کێڵگەى نەوت لە سەلاحەدین وەبەرهێنانى تێدا کراوە، ئەوە جگە لە 57 بیرە نەوت کە دەستنیشان کراون بۆ وەبەرهێنان.
وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق 4ى تشرینى دووەم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، تێکەڵبوونى نەوت بە ئاوى رووبارى دیجلە چارەسەر بووە.
لە دوێنێ یەکشەممەوە شەپۆلێکى بارانبارین عێراقى گرتووەتەوە، و لە چەند شوێنێک لافاوى دروستکرد، ئەمڕۆ دووشەممە 4ى تشرینى دووەم لە چەند قەزایەکى سنوورى پارێزگاى سەلاحەددین بەهۆى مەترسى دروستبوونى لافاو، کرایە پشوى فەرمى.
یاسین داودى رایگەیاند، تێکەڵبوونى نەوت بە ئاووى رووبارى دیجلە کێشەى بۆ ئاوى خواردنەوە نییە و بە دابەزینى ئاستى ئاوى لافاو ئەو کێشەیەش چارەسەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ