دیالە دوو سەرۆک ئەنجوومەنى هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى کارگێڕیى عێراق سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە کاتى دەگەڕێنێتەوە بۆ پۆستەکەى تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵایەک لەبارەى لادانیەوە یەکلادەکرێتەوە. ئەو بڕیارە هەمان رۆژى دەستبەکاربوونى سەرۆکى نوێى ئەنجوومەن بوو.
 
بڕیارى دادگەى کارگێڕیی عێراق دوێنێ یەکشەممە 3ى تشرینى دووەم دەرکرا بۆئەوەى عومەر کوڕوى، سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە کاتى بگەڕێنێتەوە بۆ پۆستەکەى، تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵایەکى لەو دادگەیە لەبارەى لادانیەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
 
عومەر کوڕوى لە 29ى تشرینى یەکەم بە دەنگى 9 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا لە پۆستەکەى دوورخرایەوە، لە دادگەى کارگێڕى سکاڵاى تۆمار کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى لادان لە پۆستەکەى، ئەوەش جگە لەوەى داواى لەو دادگەیە کرد فەرمانێک دەربکات بۆ گەڕانەوەى بۆ پۆستەکەى تاوەکو دادگە دوا بڕیار دەدات.
 
ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "عومەر کوڕوى تێبینیى لەسەر شێوازى پرسانى هەبووە بەر لەوەى دەنگ لەسەر لەکارخستنى بدرێت کە گوایە پێشتر پرسیارەکانى پێنەگەیشتووە."
 
ئەوس مەهداوى گوتى، "ئێستا عومەر کوڕوى وەکو سەرۆکى ئەنجوومەن چووەتە سەر کار. ئەگەر هەیە لە چەند رۆژى داهاتوودا دانیشتنێکى دیکەى ئەنجوومەن بکرێت بۆئەوەى پرساندنەکە دووبارە بکرێتەوە و لەسەر بنەماى وەڵامەکانى بڕیار بدرێت، کە لابدرێت یان لە جێگەى خۆى بمێنێتەوە."
 
بڕیارەکەى دادگە لە هەمان رۆژدا بوو کە نزار لهێبى وەکو سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە سوێندى یاسایى خوارد، دواى ئەوەى لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە هەڵبژێردرا.
 
فارس جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە فراکسیۆنى سەروەرى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئێستا دوو سەرۆکى ئەنجوومەن هەن، وەکو وڵاتى سوودانى لێهاتووە کە دوو سەرۆکى تێدایە."
 
عومەر کوڕوى، ئەندامى فراکسیۆنى سەروەرییە کە خەمیس خەنجەر، سەرۆکایەتیى دەکات، بەڵام نزار لهێبى ئەندامى فراکسیۆنى تەقدوومە کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیى دەکات، سەرۆکى نوێ و لەکارلادراو هەردووکیان عەرەبی سوننەن.
 
فارس جبوورى رایگەیاند، چاوەڕێى 10ى تشرینى دووەم دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەى پرسی سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە کە لەلایەن دادگەى کارگێڕییەوە یەکلا دەکرێتەوە.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە 15 ئەندام پێکدێت؛ حەوت ئەندامیان عەرەبی سوننەن و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن لە پشکى ئەو پێکهاتەیەیە لە کاتێکدا پۆستى پارێزگار بۆ شیعەکانە.