وەزارەتى پلاندانانى عێراق بۆ رووداو: رێژەى هەژارى بۆ 17% کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی رووپێوییەکى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رێژەى هەژارى بووە بە 17%، لە کاتێکدا پێشتر 23% بووە، رێژەى بێکارییش زیاتر لە 2% کەمبووەتەوە.
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە مانگى تەممووزى 2023وە، دەستەى گشتیى ئامارى عێراق دەستی بە رووپێوییەکى ئابوورى و کۆمەڵایەتى بۆ خێزانەکانى عێراق کردووە. بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکانى ئەو رووپێویە، کە لە مانگى ئابى رابردوو تەواو بووە، رێژەى هەژارى بۆ 17.6% کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر 23% بووە، رێژەى بێکارییش بووە بە 14.4%، کە پێشتر 16.5% بووە."
ئەو رووپێویەى وەزارەتى پلاندانانى عێراق؛ هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە. تیمى تایبەت سەردانى خێزانەکان دەکەن بۆ زانینى پێنوێنییەکانى بژێوى و ئاستى خزمەتگوزارییەکان. رووپێوییەکە لە ساڵى 2021ـەوە نەکراوە.
عەبدولزەهرە هنداوى باسی لەوە کرد، "هۆکارى کەمبوونەوەى رێژەى هەژاری و بێکارى لە عێراق، فراوانکردنى تۆڕى چاودێریی کۆمەڵایەتى و دەستەبەرکردنى سەبەتەى خۆراک لە رێگەى کۆبوونى خۆراک بووە."
رووپێویى ئابوورى و کۆمەڵایەتى بە هاوکاریى بانکى نێودەوڵەتى دەکرێت، تیمەکانى سەر بە دەستەى گشتیى ئامارى عێراق و هەرێمى کوردستان زانیارى لەبارەى بژێویى خێزانەکان لە فۆڕمێکدا تۆمار دەکەن.