لەتیف رەشید: عێراق سەرچاوەی هەڕەشە و دروستکەری قەیرانەکان نییە

04-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی چیدیکە سەرچاوەی هەڕەشە و دروستکەری قەیرانەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان نییە و ستایشی رۆڵی دیپلۆماسییەتی عێراق دەکات لە باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارێکدا لە حەوتەمین کۆنفرانسی باڵیۆزان و نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق لە جیهان لە بەغدا گوتی، "عێراق لە ماوەی رابردوودا لە بواری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا بەرەوپێشوەچوونی بەرچاوی لەگەڵ وڵاتان بەخۆیەوە بینیوە. عێراق سەردەمی خراپی و پاشەکشەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان تێپەڕاند کە هۆکارەکەی مامەڵەی رژێمی دیکتاتۆری بوو". 
 
لەتیف رەشید ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی کرد لە بایەخدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و گوتی، "حکومەتی ئێستا بایەخی زۆر بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ جیهان دەدات. ئێمەش لە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ ئەو مەبەستە زۆر بە جیدی کارمان کردووە. بەشێک لە خاڵەکانی سەرکەوتنی پەیوەندییەکان، دوورکەوتنەوەمان بووە لە سیاسەتی جەمسەربەندی و کارکردن بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان". 
 
سەرۆککۆماری عێراق گوتی، عێراق هەمیشە هەوڵی داوە بازنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فراوان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرانی دەرەوە لە سەرجەم کابینەکانی حکومەتدا شانیان داوەتە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە و توانیویانە بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسییەتی عێراق بکەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکان و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان بۆ باشترین دۆخی کە شایەنییەتی. گوتیشی: "ئەمڕۆ عێراق سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆسەر هیچ وڵاتێک، پێچەوانەی سەردەمی دیکتاتۆرییەت. عێراق چیدیکە سەرچاوە و دروستکەری قەیرانەکان نییە بۆ جیهان". 
 
لەتیف رەشید رایگەیاند، سیاسەتی دەرەوەی عێراق بەندە بە هاوئاهەنگییەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لە رێگەی دیالۆگی بونیاتنەرانە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دەیەوێت ببێتە فاکتەرێکی کارا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و هاوکار بێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاوی هەرێمی لەپێناو پێکەوەژیان و ئاشتیدا. 
 
لەتیف رەشید گوتی، "لەسەر ئەو بنەمایانە زۆربەی وڵاتان خۆشحاڵن بەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق باشتر بکەن و برەوی زیاتری پێبدەن. لەسەرجەم سەردان و چالاکییەکانماندا هەست بەم پێشوازییە گەرمە دەکەین. ئەمەش رێگەی خۆشکردووە بۆ حکومەت تاوەکو بتوانێت سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی رابکێشێت بۆ کارکردنیان لە عێراق".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە