نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی بزر دەبێت

 
رووداو - بەغدا

لەبەردەم  خێوەتەكەی لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دروشمێكی بە رەنگی سوور لەسەر فلێكسێك نووسیوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی كۆی سیستمی سیاسی دەكات. محەممەد ساحێب ساعدی، نیو سەدە تەمەنی بەڕێكردووە، لەو پۆستەرەی هەڵیواسیوە، نووسیویەتی: "دۆزی ئێمە گۆڕینی كەر نییە بەهێستر، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی تەویلەكەیە بەگشتی".

 
محەممەد لە خێوەتەكەیدا پێشوازی لە خەڵك دەكات، جگە لە دابینكردنی پێخەف و نەوای مانەوە، خواردن و ئاوی داناوە بێ بەرامبەر بیدات بەخۆپیشاندەران. ئەو خەڵكی مەدینە سەدرە. بە (رووداو)ی گوت: "زەوییەكم فرۆشتووە بە چوار ملیۆن دینار، لێرە خزمەتی خەڵكی پێدەكەم". چەند هەزارییەكی لە گیرفانی دەرهێنا و پێشانیدام و گوتی: ئەوەندەی لێ ماوەتەوە.

 

 
محەممەد ساعدی یەكێكە لەو هەزاران خۆپیشاندەرەی لە سەرەتای ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە دەستیانكردووە بە خۆپیشاندان، لە 25ی مانگی رابردووەوە بەتەواوی لە مەیدانی تەحریر ماونەتەوە.
 
ئەوەی زیاتر سەرنجڕاكێشە لەم خۆپیشاندانەدا، رێكخستنە باشەكەیەتی، ئێستا سنووری خۆپیشاندانەكە كە گۆڕەپانی تەحریر  و چەند سەد مەترێكی چواردەورێتی، لە جوگرافیا و حكومەتێكی سەربەخۆ دەچێت. هەموو شتێك بێبەرامبەرە، هاتوچۆكردن بە توكتوك كە بەنزینیان بێبەرامبەر بۆ دابینكراوە، هەروەها خواردن و خواردنەوە، جگە لە چارەسەری سەرەتایی و تەنانەت شوێنی مانەوەی شەوان.
 
دروشمی هەرە سەرەكی خۆپیشاندەران داواكردنی نیشتیمانە، (نرید الوطن) جگە لەوەی سەتان دروشمی لاوەكییان بەرز كردووەتەوە، بۆ نموونە، لەوكاتەدا لە گۆڕەپانەكە دەگەڕام چاوم كەوتە سەر گەنجێك پۆستەرێكی بەدەستەوە بوو ئاڵای عێراقی لەسەر چاپكردبوو، لەژێر ئاڵاكەش نووسیبووی: "دەمەوێت هاوسەرگیری بكەم".
 
لە خۆپیشاندانەكەدا كە خۆپیشاندەران ناویان لێناوە "شۆڕشی تشرین"، هەموو چین و توێژەكان هەن، زۆربەی رێكخراو و سەندیكاكان خێوەتیان هەڵداوە و نووسیویانە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكەین.
 
ئەگەرچی خۆپیشاندانەكە بۆ لابردنی ئەو چینە سیاسییەیە كە ئێستا لە دەسەڵاتن، بەڵام هیچ لایەنیك نەیتوانیوە دژیان بوەستێتەوە، لەگەڵ هەر سیاسی و بەرپرسێك قسە دەكەیت، پشتیوانییان دەكات، بەڵام كەمترینیان دەتوانن بچنە نێو خۆپیشاندەران.
 
لەنێو خۆپیشاندەران، زەهرا عەلا، دروشمێكی لەسەر كاغەزێك چاپكردبوو، لێی نووسیبوو نەوت هی خەڵكە و دەبێت بۆ خەڵك بێت، لێمپرسی تۆ پارێزەریت بۆچی ئەو دروشمەت هەڵگرتووە، پێیگوتم: ئەوان بە پارەی نەوت هەموو یاساكانیان پێشێل كردووە، دەبێت لێیان بستێنینەوە تا وڵات بە یاسا بەڕێوەبچێ.
 
ئەگەرچی هێدی هێدی داواكاریی خۆپیشاندەران خەریكە لە داوای مافەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە دەگۆڕێت، بەڵام ئەو پیاوەی بەوە ناسرابوو هەموو كات نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لەگیرفانیدایە، ئێستا نامەكەی بزر كردووە، یان لێیان بزر كردووە. كەریم نوری، گوتەبێژی پێشووی حەشدی شەعبی و نزیك لە هادی عامری، بە (رووداو)ی گوت: "عادل عەبدولمەهدی، هیچكات پلە و پۆست بەلایەوە گرنگ نەبووە، بەڵام رەنگە ئێستا بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی لەدەستی خۆیدا نەمابێت". 
 
هەروەها گوتی: "لەم كاتەدا دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی خراپە، بەڵام لەو خراپتر مانەوەیەتی لە دەسەڵات". كەریم نوری زیاتر مەبەستەكەی روونكردەوە و گوتی: "كوشتنی خەڵك و برینداركردنیان بێ ئەوەی تاوانباران دەستنیشان بكرێن و بدۆزرێنەوە دۆخەكەی خراپتر كردووە".
 
لە خۆپیشاندانی ئەمجارەدا، زیاتر لە 250 خۆپیشاندەر كوژراون و 6000یش بریندار بوون، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی.
 
محەمەد ساحیب ساعدی كە چوار هاوسەری هەبوو، دەستی راكێشا بۆ چەند بینایەكی دەوروبەری و گوتی: "لەو شوێنانەوە بە چەكی قەناس خەڵكیان كوشتووە". هەروەها دەستی بۆ چێشتخانەی توركی راكێشا و گوتی: "ئەو باڵەخانەیە دەبینیت؟ ئەوە ئێستا هەشت كوڕم لەوێن خۆپیشاندان دەكەن، ئەوە یەكێكە لە رەمزەكانی گەندەڵیی ئەم حكومەتە".
 
باڵەخانەی چێشتخانەی توركی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دروستكراوە و لە ساڵی 1991 لەلایەن ئەمریكاوە بۆردومان كراوە، لەپاش رووخانی سەدام تا ئەمڕۆ چەند جارێك بودجەی بۆ تەرخانكراوە و هێشتا تەنیا چوارچێوەیە، خۆپیشاندەران ناویان لێناوە "چێشتخانەی شۆڕشی تشرین". هەندێجاریش بە "چیای بەغدا" ناودەبرێت، باڵەخانەكە ئێستا سەدان پۆستەری پێدا هەڵواسراوە و شەو و رۆژ خۆپیشاندەران لەوێ دەمێننەوە، لە گۆڕەپانی تەحریرە و دەڕوانێت بەسەر پردی جمهوری و ناوچەی سەوزدا.