رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئیسرائیل هانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەدات بازنەی جەنگ فراوان بکات. باس لەوەش دەکات، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ناردنی هاریکاری بۆ فەلەستین و لوبنان.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "داگیرکاری زایۆنی لە کۆمەڵکوژکردنی گەلی فەلەستین بەردەوامە. نوێترین تاوانی بریتی بوو بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل لە خێوەتگەی تولکەرەم لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. زایۆنیزم بەم رەفتارە هەوڵی جینۆساید دەدات."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەشڵێت، "هەموو ئاماژەکان دەیسەلمێنن، تاوانەکانی دوژمن لە هەموو بنەمایەکانی مرۆڤایەتییەوە دوورن. بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر تاوانەکان، داگیرکەر هان دەدات بە کردەیی بازنەی جەنگ فراوان بکات و بوێری بە شەڕەنگێزییەکانی بدات، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر گەلی لوبنانی دۆستیش."
باسم عەوادی باس لەوە دەکات، عێراق هەڵوێستی خۆی نوێ دەکاتەوە لە بانگهێشتکردنی "دەنگە ئازادەکان" لە جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرکۆنەکردنی دوژمن و ئەوانەی پشت و پەنایەتی.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە، "پشتیوانی لە هەموو کارێک یان هەوڵێکی دیپلۆماسی دەکەن بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکان و کۆتاییهێنان بە مامەڵەی داگیرکار لە بێبەهاکردنی ئەو بەها و پرەنسیپانە کە مرۆڤایەتی لەسەریان رێککەوتووە. لەپاڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵ و توانایەکی دەخاتەگەڕ بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ براکانمان لە فەلەستین و لوبنان و پاڵپشتیکردنی خۆڕاگری قارەمانانەیان."
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆسەر لوبنان زیادکردووە و لە 1ی ئەم مانگەیشەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بۆسەر باشووری لوبنان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ