دادگەی حلـلە لە پارێزگای بابل: بکوژی خێزانە شەش کەسییەکە دانی بە تاوانەکەیدا نا


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای بابل رایگەیاند، تۆمەتباری کوشتنی شەش ئەندامی یەک خێزان لە سنووری پارێزگاکە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دوای کوشتنیان تەرمەکانیشی سووتاندوون. دادگەی لێکۆڵێنەوەی حلـلەش رایگەیاند، بکوژ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

رۆژی چوارشەممە، 04-10-2023، دادگەی لێکۆڵینەوە حلـلە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دادگەی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە تۆمەتباری کوشتنی خێزانە شەش کەسییەکە لە شارۆچکەی حەمزەی باشووری دیالە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی دادگەی حلـلەدا هاتووە "تۆمەتبارەکە لەبەر دزی ئەو تاوانەی کردووە و دواتریش تەرمەکانی سووتاندوون".
 
دوێنێ سێشەممە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی بابل لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵیکدا بە هۆکاری نادیار، بە سەرپەرشتیی لیوا خالید ترکی شەممەری، فەرماندەی پۆلیسی بابل تیمێک لە بەشی نەهێشتنی تاوان، دەستبەبژێرێک لە ئەفسەر بەش و بەشی پۆلیسی حەمزە غەربی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بابل، بەشی تەکنیک و زانیارییەکانی بابل، شانەی هەڵۆکانی هەواڵگریی بابل، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژە تیرۆری بابل پێکهێندرا.
 
رووداوەکە لە  گەڕەکی زەهرا لە ناحیەی مدحەتیە لە قەزای هاشمییە لە باشووری پارێزگای بابل روویدا. دایک و باوک و چوار منداڵ، کە بچووکەکەیان تەمەنی ساڵ و نیوێک بوو، سووتان و گیانیان لەدەستدا.
 
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل دەڵێت، تیمەکە لە ماوەی 24 کاژێردا بە هاوکاریی پۆلیسی بەغدا ئەنجامدەری تاوانەکەیان دەستگیرکرد، کە لە شاری بەغدا خۆی شاردبووەوە، هێنرایەوە بابل و تائێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ زانینی وردەکانی زیاتر رووداوەکە.
 
ئیبراهیم بدێری، کوڕە مامی خاوەن خێزانەکەیە، رۆژی دووشەممە، 02-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگادارکراینەوە کە ماڵی ئەبو قەمەر سووتاوە، دوای سەیرکردنیان دەرکەوت سەرەتا خاوەن ماڵەکە بە چەقۆ لێی دراوە و دواتر سووتێنراوە، بۆیە بۆیان دەرکەوت رووداوەکە تاوانکاری بووە.
 
بە گوتەی بدێری، ئامۆزاکەی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە نەبووە و کەسێکی بێ کێشە و کاسب بووە.