تەرمی ژن و منداڵەکەى ژێر باڵەخانە رووخاوەکەى بەغدا دەرهێندرا


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، تەرمی ئەو ژن و منداڵەیان دەرهێنا کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەی ناوچەی کەڕادە لە بەغدا مابوونەوە.
 
بەرگریی شارستانی ڤیدیۆی کاتی دەرهێنانی تەرمەکانیشی بڵاوکردووەتەوە. 
 
شەوی رابردوو، دوای چوار رۆژ لە رووخانی باڵەخانەکەی ناوچەی کەڕادە لە بەغدا، بەرگریی شارستانی رایگەیاند، ئەو ژن و منداڵەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریانخواردبوو، شوێنەکەیان دیاریکراوە، بەڵام هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە و تیمەکانیان بە دەست شوێنەکە هەڵدەکەنن. 
 
بەرگری شارستانیی عێراق دڵنیایی داوە لەوەی هەوڵەکانیان "بۆ دۆزینەوە و رزگارکردن" بەردەوامن. دەشڵێت، هۆکاری ئەو بەردەوامبوونە ئەوەیە زانیارییەکان دەڵێن، هێشتا تەرمی پیاوێکی بەتەمەن لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکەدا ماوە.

شەممەی رابردوو 1-10-2022 باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی لە ناوچەی کەڕادە داڕووخا. باڵەخانەکە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی نەخۆشان.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە چەند کاژێری سەرەتای دوای رووداوەکەدا، 13 کەسیان رزگار کرد. لە چەند رۆژی دواتر تەرمی پاسەوانی باڵەخانەکەیان لە ژێر داروپەردووەکە دەرهێنا، بەڵام دوای دۆزینەوەی تەرمی دایک و منداڵەکە؛ ئێستا پێشبینیی دەکرێت تەنیا یەک تەرم لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا مابێت.