فەرمانى دەستگیرکردن بۆ سەرۆکى هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەرچوو

04-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکى بەغدا فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ئەحمەد جبوورى، سەرۆکى هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەرکرد، فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەتۆمەتى ناوزڕاندنە.
 
فەرمانى دەستگیرکردنى ئەحمەد جبوورى، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی ئەیلوول) لەلایەن دادگەى سێیەمى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا دەرکراوە، ئەو تۆمەتەى ئاراستەى کراوە پەیوەندیدارە بە ناوزڕاندنەوە لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "فەرمانى دەستگیرکردنى ئەحمەد جبوورى بە هۆى سکاڵاى  محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان بووە، کە گوایە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسینێکى بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ناوى زڕاندووە، هەر چەندە بە دیاریکراوى ناوی نەهێناوە.
 
ئەحمەد جبوورى لە 3ـی ئەیلوول نووسینى پەیجێکى فەیسبووکى شێرکردووەتەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە لە زۆربەى فەرمانگەکانى کەرکووک کەسانێک داندراون و گەندەڵى دەکەن تاوەکو لە بەرامبەردا لایەنگریی وەزیرێک بن، ئاماژەى بەوە داوە کە ئەو "دزانە" لە کابینەى ئێستاى حکومەتن و دۆسیەى گەندەڵیان هەیە، لەوانە دروستکردنى 700 قوتابخانە کە تائێستا دروست نەکراون. ئەمە لە کاتێکدایە محەممەد تەمیم لە نێوان ساڵانى 2010 بۆ 2014 وەزیرى پەروەردەى عێراق بووە.
 
سەرچاوەکەى هاوپەیمانیی عەزم رایگەیاند "ئەحمەد جبوورى لە بنکەى پۆلیسی قۆری لە کەرکووک راگیراوە، لە چاوەڕوانى ئەوەى رەوانەى بەغدا بکرێت." 
 
هاوپەیمانى عەزم، یەکێکە لە هێزە سوننەکانى کەرکووک و محەممەد تەمیم کە سکاڵاى لە دژى تۆمار کردووە، لە هەمان پێکهاتەیە و سەر بە پارتى تەقەدوومە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە