سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێ دۆسییەکانی دزیی سەدە بزردەکرێن؛ دزییەکی دیکەی 18 ملیار دۆلاریش ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گومانی خۆی لە هێشتنەوەی بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی "دزیی سەدە" نیشاندەدات و دەپرسێت "بۆچی دوو ساڵە راگیراون و دادگایی ناکرێن؟" هاوکات دزییەکی دیکەش بە قەبارەی 18 ملیار دۆلار ئاشکرا دەکات.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: دەبێ نوور زوهێر 798 ساڵ زیندانی بکرێت
 
شەڕی نێوان بەرپرسی دەستەی دەستپاکیی عێراق و دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی کە دادوەری دەستەی دەستپاکیشە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-9-2024) چووە قۆناخێکی نوێوە.
 
دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کە لە هەولێرەوە هێرشی تووندی کردە سەر ژمارەیەک دامەزراوە و کەسایەتیی عێراق، بەشێک لە نهێنییەکانی "دزیی سەدە" لە بابەتە سەرەکییەکانی بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لەم دۆخەدا سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دژ بە گەندەڵیی راستەقینە رادەگەیێنین، ئەمڕۆ راستگۆیی دەستەی دەستپاکیی لە لێواردایە، دەمەوێت راستگۆیی دەستەی دەستپاکی بسەلمێنم و لەسەرەتای شەڕەکەوە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەم، لە رۆژانی شەممە، یەکشەممە، دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، میواندارییەکی فەرمیمان بکات، دوای ئەوە یان بمێنمەوە یان لاببرێم، پرسیام لەبارەی دزیی سەدەوە لێبکات."
 
سەرۆکی دەستەکە، شاردنەوەی بەشێک لە نهێنییەکانی دۆسیەی "دزیی سەدە" کە دزینی زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلاری سپاردەی باجەکان بوو لە سەردەمی حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی ئاشکراکرد. "تۆمەتبار نوور زوهێر جاسم موزەفەر، بە یەک دۆسیە و بە پشتبەستن بە مادەی 444 لەسەر 11ـی یاسای سزادانی عێراق، رەوانەی دادگەی بەسرە کرا، 114 چەکی بانکیی ساختەکردووە، بەپێی یاسا، دەبێت 114 دۆسیەی بۆ بکەینەوە، واتە دەبێت 114 جار بەو مادەیە سزا بدرێت."
 
بەو پێیە بێت و بە لێکدانەوەی قسەکانی ئەو بەرپرسە عێراقییە، ئەگەر بۆ هەر دۆسییەیەک 7 ساڵ زیندانی بێت، دەبێت نوور زوهێر (کە بێتاوانیی خۆی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا نیشانداوە) 798 ساڵ زیندانی بکرێت.
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، وردەکاریی دیکەشی گوت و رایگەیاند "دەمەوێت ئەو کاتەی پەرلەمان میوانداریم دەکات، لێم بپرسێت کە بۆچی رەوانەمان کردووە ئەگەر یەک دۆسیەیە؟ بپرسێت بۆچی 113 تاوانمان شاردەوە و لەیەک دۆسیەدا سنووردارمان کرد و چارەتان کرد؟ لێرە من وەڵامی پەرلەمان دەدەمەوە، پێویستە لەگەڵ من دادوەر زیا جەعفەر لەفتە، دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی کە دادوەری دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی گەندەڵییە، ئامادە بێت، چونکە بابەتەکە لەنێوان ئێمەدایە و لەنێوانی من و ئەو دەرناچێت."
 
هەروەها گوتی "یان کەموکورتییەکە لە دەستەیە، یان لە ئێمەیە. یاسا بڕیار دەدات."
 
حەیدەر حەنوون: نوور زوهێر 724 دۆنم زەویی وەزارەتی دارایی بردووە 
 
دادوەر حەیدەر حەنوون، کە لەگەڵ دادوەری لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی دەستەکەی کێشەی گەورەیان هەیە و یەکتر بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن. لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا زیاتر لە سێ جار داوای لە پەرلەمان کرد میوانداریی بکەن بۆ خستنەڕووی "راستییەکان"، داواشی کرد میواندارییەکە ئاشکرا بێت.
 
سەبارەت بە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە"، نهێنیی دیکەی ئاشکرا کرد و گوتی "لەو کاتەوەی دەستبەکاربووم بەدواداچوونمان بۆ نوور زوهیر جاسم کرد، دەرکەوت تاوانی دیکەشی لە بەسرە کردووە، تاوانی یەکەم دزینی 724 دۆنم زەوی لە ناوچەی شەتولعەرەب بووە، کە زەویی وەزارەتی داراییە و بەهای زۆر گرانە. نوور زوهیر بەناوی ساختەوە تۆماری کردبوون و دواتر بۆ سەر ناوی ئەو گواستراوەتەوە."
 
دەشڵێت "لەسەر دۆسییەکە، بڕیاری دەستگیرکردنمان بۆ دەرکرد، لەماوەی یەک رۆژدا بۆ بەغدا و بۆ لای دادوەر زیا جەعفەر لەفتە گواسترایەوە و دیارنەما."
 
حەیدەر حەنوون ئاماژەی بەوەکرد، "نوور زوهێر، دزییەکی دیکەشی کردووە کە بە دزیی سپاردەی باجەکان و گومرک دەناسرێت، ئەوەی جێگریمان کردووە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار دزراوە، نوور زوهێر بریکارنامەیەکی بۆ پارێزەرێک کردووە و پارەی راکێشاوە. گوتوویەتی خۆشی پارێزەرە و پارەکان رادەکێشێت. هەرچەندە ئەو لە چاوپێکەتنێکی میدیاییدا گوتی زانکۆی تەواونەکردووە، بۆیە سەندیکای پارێزەران پێیانگوتووین پارێزەرییەکەی ساختەیە، ئەو دۆسییەیەش گواسترایەوە بۆ بەغدا و دیسانەوە لەماوەی شەو و رۆژێکدا لەلای دادوەری زیا جەعفەر و لەفتە دیار نەما."
 
هەروەها گوتی "ئەوە سەرەتای شەڕەکەیە، دەبێت لەسەر خێر کۆتایی بێت، ئەگەر وا نەبێت و بە خێر کۆتایی پێنەیەت، فاتیحە لەسەر عێراق بخوێنن."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بۆ نوور زوهێر کرد و بەوە ناساندی کە "ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە پارەکەی پێگواستراوەتەوە." 
 
دزیی سەدە، لە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار) لەو پارانەی بەناوی "سپاردەی باجەکان"ـەوە لە بانک دانراوە، لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە رێگەی 247 چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترە.
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: دەستەی دەستپاکی لاوازە
 
بە گوتەی دادوەر و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی هەیە ''لەسەر ئەو دادوەرەی دۆسییەکان دەشارێتەوە.'' بەپێی قسەکانی حەیدەر حەنوون: دادوەرەکە لە لێکۆڵینەوە لێی نیگەرانە. گوتیشی "هەواڵمان هەیە بە ژمارە 3468 لەسەر یەک/2024 دەڵێت دادوەر زیا جەعفەر لەفتە، پارچە زەوییەکی بە ناوی سەربازییەوە وەرگرتووە، ژمارەکەی 18 لەسەر 12142 لەسەر 13ـەیە لە ناوچەی عامرییە. ئەمیندارێتی بەغدا پێیان راگەیاندووین دەبێت بیسەلمێنن کە ئەو سەرباز بووە."
 
حەنوون گوتی "دەستەی دەستپاکی لاوازە، ئێمە چیمان کردووە و پەنا بۆ کێ ببەین؟ ئەی بۆچی بۆمان نەبێت لێکۆڵینەوە بکەین؟ مافەکانمان لە کوێ وەبگرینەوە؟ ئەو دادوەرە ناوبانگی منی شێواندووە."
 
حەیدەر حەنوون، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا کۆنترۆڵی لەدەستدا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و گوتی "با زیندانی بکرێین بە شکۆوە و باشترە لەم دۆخەی هەیە."
 
دواتر باسی بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی دزیی سەدەی کرد و گوتی "ئوسامە حوسام جەودەت، زیا عەبدولخالق عەلی و سەلام ساحب عەبد عەلی، بەشێکن لە تۆمەتبارانی دزیی سەدە. پرسیار ئەوەیە بۆچی دوو ساڵە راگیراون؟ بۆچی دادگەیی ناکرێن و سزا نادرێن؟"
 
گوتیشی: زیاتر لە 30 تۆمەتباری دزیی سەدە هەن، کە نازانین چییان لێهاتووە، کارەکە لەلای دادگەیە. "چارەنووسی دۆسییەکەیان چی لێهاتووە؟"
 
داواشی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کرد، رێگە بە دادوەرەی دەستەکەیان بدات (کە تۆمەتباری کردووە) بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ئامادە بێت و هەموو شتەکان ئاشکرابکات.
 
رۆژی یەکی ئابی 2024، دەستەی دەستپاکی ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: هێڵی شەمەندەفەری عێراق بە 18 ملیار دۆلار دزراوە
 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیی رەتیکردەوە.
 
حەنوون لە هەولێرەوە دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی ئاشکراکرد و گوتی "دۆسییەیەکی دیکەی گەندەڵی بریتییە لە هێڵی شەمەندەفەر کە دزینی تەواوی هێڵەکەیە و فرۆشتنیەتی بە 18 ملیار دۆلار، کۆمپانیاکەی کە گرێبەستی کردووە بەڕێوەبەرەکەی ناوی موسەننا مەهدی عەتییە، لەم بابەتەدا هێڵی شەمەندەفەری عێراق هەمووی فرۆشراوە بەتەواوەتی، وەکو ئەوەی کودەتا بێت بەسەر عێراق دا."
 
روونیشیکردەوە "دۆسیەکەمان داوە بە دادوەر زیا جەعفەر لەفتە و دوو مانگە هیچی بۆ نەکراوە، نازانین چی لێهات؟"
 
باسی لەوەش کرد، پارێزگای واست لە مانگی نیسانی 2024، سکاڵای لەسەر دەستەی دەستپاکی کردووە، گوایە دەستەکە شکۆی پارێزگاکەی شکاندووە کاتێک ئەوەی بڵاوکردووەتەوە "فەرمانبەران پارە لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن و لە کاتی تاوانەکەدا گیراون" و گوتی "دۆسیەکە رەوانەی دادوەر زیا جەعفەر کراوە، بەڵام ئێمە پێمانگوت تۆ پەیوەندیت بەو بابەتەوە نییە، چۆن دەبێت لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا بکەیت؟"