دادگەی فیدراڵی: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتەکەی "نزیک لە پەکەکە" دروستە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی تانەی یەکێک لەو سێ پارتەی رەتکردەوە، کە مانگی رابردوو بەتۆمەتی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە هەڵوەشێندرانەوە. دادگەکە دەڵێت "بڕیاری قەدەخەکردنەکە دروستە."
حوسێن حەجی نەفسۆ، سەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکرسیی ئێزدی و بریکارەکەی تانەیان لە بڕیارەکە دابوو، بەڵام دادگەی باڵای فیدراڵی رەتیکردەوە. بڕیارەکە لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لەسەر داوای فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخستنە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان درا.
دادگەکە کە رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024 کۆبووەوە و رۆژی سێشەممە، 3ـی ئەیلوول بڕیارەکەی بڵاوکردەوە. دەڵێت "سکاڵاکار گوتوویەتی پارتەکەی هیچ هاوپەیمانیێتییەکی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە و لەگەڵ یەکێتیی خاکی عێراق و یەکگرتوویی رۆڵەکانی گەلی عێراقە بە پێکهاتە جیاوازەکانییەوە."
دادگەی فیدراڵی لە بڕیاری رەتکردنەوەی تانەکەدا روونیکردووەتەوە "بڕیاری تانەلێدراو دروستە و بەپێی حوکمەکانی یاسایە و لەبەرئەو هۆکارانە دەرچووە کە پشتی پێبەستوون، جێبەجێکردنی تەواوی حوکمەکانی (و لە خاڵی 1ـی یەکەمی مادە 32ـی) یاسای پارتە سیاسییەکانی ژمارە 36ـی ساڵی 2015ـیە، بۆیە بڕیاری رەتکردنەوەی تانەکە درا."
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەکاتێکدایە، رۆژی 19ـی ئابیش سکاڵایەکی هاوشێوەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیشی کە لەسەر هەمان بابەت تۆمارکرابوو، بەهەمان پاساو رەتکرایەوە.
رۆژی 01-08-2024 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق پارتە سیاسییەکانی (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی)ـی قەدەخەکرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دان.
بڕیارەکە لەسەر بنەمای سکاڵای راوێژکاریێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوو، بە تۆمەتی "پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی قەدەخەکراو و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق."
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق دا هاتووە "بەگوێرەی مادەی 25/ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015، نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی رێکخراویی، یاخود داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حیزبییان لەسەر بنەمای فەرمان، یاخود ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک، یان لایەنێکی دەرەکی بێ، نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات، کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە، یاخود ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات، بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق."