فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بایکۆت دەکەن تاوەکو پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 04-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقیان کردووە, تاوەکو ئەو کاتەی "پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت."
 
پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، خرابووە بەرنامەی کاری دوێنێی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ، بەڵام دانیشتنەکە نەکرا.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "سوننەکان بە پلەی یەکەم دژی پرۆژەیاساکەن؛ شیعەکانیش پشتیوانی سوننەکان دەکەن"؛ گوتیشی، "بڕیاربوو ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان بکرێ، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان رێگربوون. تاوەکو ئەو پرۆژەیاسایە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر نەدرێ، بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکەین".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری راشیگەیاند، لەسەر پرۆژەیاساکە لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنراوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی لەسەری بگەنە رێککەوتن و دەنگی لەسەر بدرێ.
 
شەوی 03-09-2024 فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانی (پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری، لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پێکهاتەی مەسیحی) پەیامێکی ناڕەزایی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
 
فراکسیۆنەکان دەڵێن، هەندێ لایەن رێگرییان کردووە لەوەی لە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەماندا پڕۆژە یاسای "گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی" تێپەڕێنرێت و پەسند بکرێ کە مافی ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە بەدەست "رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە و تووشی راگواستن و سەرکوتکاری بوون."
  
لە پەیامەکەیاندا داوا لە  فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و هاوبەشەكانیان لە "نیشتمان" دەکەن لەگەڵیان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە "لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و كۆتایهێنان بە زەرەرمەندبوونی ئەو هاووڵاتیانەی قوربانیی سیاسەتەكانی رژێمی لەنێوچوون؛ هەروەها بۆ زامنكردنی سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان."