رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە شاری بەسرەی باشووری عێراق 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ هەردوو ئۆتۆمبێلەکە هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانین.
عەقید حەیدەر محەممەد وائیلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق، رۆژی چوارشەممە 04-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە کاژێر 09:00ی شەوی رابردوو لە ناوچەی ئەسدیقا لە شاری بەسرە روویداوە و لە ئەنجامدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق گوتی، رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی کۆرۆلا (بیکاشۆ) و ئۆتۆمبێلێکی پیکاپ روویداوە، "هۆکارەکەش شۆفێری کۆرۆلاکە بووە، کە بە خێراییەکی زۆر رۆیشتووە و بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە؛ ئۆتۆمبێلەکە چووەتە سایدەکەی بەرامبەری و خۆی بە پیکاپەکەدا کێشاوە."
عەقید حەیدەر محەممەد وائیلی راشیگەیاند، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە لەنێو کۆرۆلاکەدا بوون؛ دوو هاووڵاتییەکەی دیکەش کە بریندار بوون لەنێو پیکابەکەدا بوون. کۆرۆلاکە تابلۆکەی هەولێر و پیکابەکەش تابلۆی سلێمانییە.
رۆژی 01-07-2024 دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق رایگەیاند، ساڵى 2023 ژمارەى رووداوەکانى هاتووچۆ گەیشتوونەتە 11 هەزار و 552 رووداو کە 3262 رووداویان گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵى 2022 ژمارەى رووداوەکانى هاتووچۆ 11 هەزار و 523 رووداو بوون، بەوەش 0.3% زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ