سوودانى بۆ وەزارەتی نەوت: بەرهەمهێنان زیاد بکەن

04-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
 سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە بەرپرسانى وەزارەتى نەوت کرد، بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکەن. ئەمە لە پێناو وەبەرهێنانى زیاترى گازى هاوەڵ کە ئێستا گەیشتووەتە 69%.
 
وەزیرى نەوت رایگەیاند: بەرهەمهێنانى نەوت لە کەرکووک رۆژانە 300 بۆ 325 هەزار بەرمیلە و لە رێگەى گرێبەستێکەوە دەیانەوێت زیادى بکەن.
 
4ى ئابى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى خولیی تایبەت بە پڕۆژەکانى کەرتى نەوت کرد. تێیدا حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت و ژمارەیەک لە راوێژکارانى بەشدار بوون.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى سەرۆکوەزیران، سوودانى داواى لێکردوون بەرهەمهێنانى نەوت زیاتر بکەن بۆ زیادکردنى وەبەرهێنانى گازى هاوەڵى کێڵگەکانى نەوت. 
 
 گازى هاوەڵ ئەو گازەیە کە لە کێڵگەکانى نەوت دەسووتێت، جگە لە بەفیڕۆچوونى ئەو گازە، کاریگەرى نەرێنى لەسەر ژینگە دەبێت. سوودانى رایگەیاندووە کە رێژەى وەبەرهێنانى گازى هاوەڵ لە سەرجەم  کێڵگەکان گەیشتووەتە 69%، ئەوەش واتە 13% زیادی کردووە. 
 
دواکارییەکەى سوودانى بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لە کاتێکدایە وەزارەتى نەوت رێککەوتنى لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک هەیە بۆ سنووردارکردنى بەرهەمهێنانى ئەو وزەیە لە پێناو پاراستنى سەقامگیریى نرخەکەى لە بازاڕى جیهان دا. 
 
ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بڕى رێگەپێدراوى بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلە و نابێت لەوە پێپەڕێت.
 
1ـی ئابی 2024، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بریتیش پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی چوار لە کێڵگەکانی کەرکووک واژۆ کرا.
 
حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بە میدیایى فەرمى عێراقى گوت: ئامانج لەو رێککەوتنە زیادکردنى بەرهەمێنانى نەوتە لە کەرکووک کە ئێستا رۆژانە 300 بۆ 325 هەزار بەرمیلە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 2103 ئەفسەر و کارمەند بەهۆی گەندەڵی و بەرتیل دەرکراون

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دوو هەزار و 103 کارمەند و ئەفسەر بەهۆی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە وەزارەت دەرکراون و سێ هەزار و 160 ئەفسەر و کارمەندی دیکەش خانەنشین کران. دەشڵێت 11 بازرگانی گەورەی مادەی هۆشبەریان کوشتووە.