پەرلەمانتارێکی شیعە: دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیم و دەنگی پێ نادەم

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی شیعەی سەر بە دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی، دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی دەوەستێتەوە و دەڵێت: "دەنگی پێنادەم".
 
سائیر جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا (کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات)، رۆژی یەکشەممە، 04-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خودی خۆم، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی رەتدەکەمەوە و دەنگی پێنادەم".
 
جبووری گوتی: "لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهانگی (شیعەکان)، بڕیاردراوە دەنگ بە هەموارەکە بدرێ و تێپەڕێندرێ، بەڵام من دەنگی پێنادەم؛ چونکە دەرهاویشتەی تائیفی لێدەکەوێتەوە. هەموارەکە خزمەت بە کۆمەڵگە ناکات".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لە 1959وە کار بەو یاسایە دەکرێ، کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، ئەگەر کێشەی هەبووایە مەرجەعی ئایینی ناڕەزایی دەردەبڕی.
 
حەسەن سالم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیی دەکات، واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە و بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی دا بۆ ئەوەی هەمواری یاسای باری کەسی بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024ـی پەرلەمان.
 
پێشکێشکردنی داواکە لە کاتێکدایە ناکۆکیی زۆر لەسەر ئەو هەموارە هەیە و کورد و سوننە لەگەڵیدا نین، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "پەشیمانبوونەوە لە هەمواری یاساکەدا نییە، 100 واژۆمان بۆ کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە. لە پێناو فریاکەوتنی خێزانی عێراقی، پێویستە سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەڵامی هەبێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 24ـی تەممووزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست. ئەمیر مەعمووری کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات، بە رووداوی گوت: "گرنگە ئەو هەموارە تاوتوێ بکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە رێز لە تاکەکان بگیرێت و بەپێی مەزهەبیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەموارەکە هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ نییە و پێچەوانەی دەستووریش نییە."
 
یاسای باری کەسی ژمارە 188 لەساڵی 1959 دەرچووە و چەند جارێک هەموار کراوەتەوە. ئێستا هاوپەیمانێتییەک بەناوی 188 لە دژی هەموارکردنەوەی یاساکە دروستبووە و بە هۆکارێک بۆ هەڵوەشانەوەی خێزانی دەزانن.
 
هەمواری یاسای باری کەسی کە لەبەردەستی پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، بەپێی هەموارەکە، مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت، کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە: "دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
هەموارەکە نیگەرانیی بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتانی لێکەوتووەتەوە و، دەڵێن گرێبەستی هاوسەرگیری بەپێی مەزهەب دابەشکردنی عێراقە.