خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى لێبووردنى گشتى کرا

04-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى پڕۆژەیاساى لێبووردنى گشتى کرد کە داواکاریى سوننەکانە.
 
پەرلەمانتارێک دەڵێت، شیعەکان بەرامبەر بە تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى هەموارى بارى کەسی رێگەیان بە خوێندنەوەى یەکەمى هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى دا. 
 
4ى ئابى 2024، سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەى پەرلەمان دا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى کرا و بڕیارە دەستبکرێت بە تاوتوێکردن و پێشکێشکردنى پێشنیازەکان لەبارەیەوە".
 
لە هەموارى دووەمى یاسای لێبووردنى گشتى ساڵى 2016، یەک مادەى بۆ زیاد دەکرێت کە دەڵێت، "مەبەست لە تاوانى ئینتیما بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەموو ئەو کەسانەیە کە کاریان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە یان چەکدارى بۆ ئامادە کردوون، یان تاوانێکى ئەنجامداوە، یان بەهەر شێوەیەک بێت هاوکار بووە لە جێبەجێکردنى کارێکى تیرۆریستى یان ناوى لە لیستى رێکخستنى گرووپە تیرۆریستییەکاندا بێت".
 
ئەو هەموارە داواکاریى سەرەکى سوننەکانە، بەگوتەى خۆیان ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان لە گرتووخانەکان بەبێ پاسا و راگیراون یان سزادراون.
 
سروە محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رێگەدان بە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى هەموارى یاساى لێبوردنى گشتى، بەرێککەوتن بووە لەگەڵ شیعەکان، لە بەرامبەر رێگەدان بەوەى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای بارى کەسى بکرێت کە شیعەکان هەوڵى پەسەندکردنى دەدەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە