پارێزگاری نەینەوا بۆ رووداو: لە 10 رۆژی داهاتوودا لایەنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبنەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، لە 10 رۆژی داهاتوودا لایەنە ناکۆکەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆدەبنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەبارەی دۆخی شنگالەوە لێکتێگەیشتن هەیە.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، رۆژی یەکشەممە، 04-08-2024، لە موسڵ بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی شنگال سێ ستوونی سەرەکیی لەخۆگرتووە کە ئاسایش، بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریین.
 
پارێزگاری نەینەوا گوتی، ئەمڕۆ گرێبەستی دروستکردنی نەخۆشخانەی شنگال واژۆ دەکرێت و ئەوەش واتای ئەوەیە خزمەتگوزاریی زیاتر دەگاتە شنگال؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناحیەی سنوونێش نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی دروستدەکرێ. لە رووی ئاسایشەوە دوو هەزار و 500 کەس بۆ پۆلیسی خۆجێیی لە خەڵکی شنگال دادەمەزرێن و هەنگاوی یەکەم بە هەزار و 500 کەس دەستیپێکرد. لەبارەی بەڕێوەبردنەوە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەمووان هەیە تاوەکو ئەم پرسە یەکلابێتەوە". 
 
پارێزگاری نەینەوا گوتی، نایانەوێت هیچ ئاڵۆزکردنێکی دۆخەکە هەبێ کە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر شنگال یان پارێزگای نەینەوا هەبێت. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری نەینەوا باسی لە گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد و گوتی، هەوڵ هەیە بەم نزیکانە لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. 
 
پارێزگاری نەینەوا گوتی، لێکتێگەیشتن لە هەموو ئاستەکان هەیە بۆ ئەوەی لە 10 رۆژی داهاتوودا لایەنەکان کۆببنەوە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و دوای گۆڕانکارییەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
  
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە بوون:
 
 قایمقامی قەزای شنگال
قایمقامی قەزای حەزەر
قایمقامی قەزای مەخموور
قایمقامی قەزای حەمدانییە
قایمقامی قەزای تلێکف
قایمقامی قەزای تەلەعفەر
قایمقامی قەزای بەعاج
 
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە
بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک
بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
 بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا:
 
رووداو: ئامانج لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆتان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا چی بوو؟ باسی چیتان کرد؟
 
پارێزگاری نەینەوا: لەراستیدا باڵیۆزی بەریتانیا هاوڕێمانە و پاڵپشتی زۆری نەینەوا دەکات. بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە، لە 6 مانگی رابردوودا 3 جار سەردانی پارێزگای نەینەوای کردووە، ئەوەش پاڵپشتیکردنی تەواوی خۆی بۆ پارێزگاکە بووە. حکومەتی بەریتانیا رۆڵێکی گرنگی لە پاڵپشتیکردنی نەینەوا لە کەرتە جیاوازەکان و پڕۆژەکاندا هەبووە، هەروەها ئەو وڵاتە رۆڵێکی گەورەی لە هێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی هەبووە، لە سەردەمی کەوتنی شارەکە و دواتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنیدا، هەروەها ئێستاش پاڵپشتە و بەریتانیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەیە؛ سێ سەردانەکەی باڵیۆزیش دەرخەری ئەو راستییەیە کە بەریتانیا پاڵپشتی عێراق بەگشتی و نەینەوایە بە تایبەتی.
 
رووداو: بەریتانیا پڕۆژەی نوێی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت کە داعش وێرانی کردوون؟
 
پارێزگاری نەینەوا: بەریتانیا لە رێگەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیرییەکی بەرچاوی نەینەوای کردووە و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کردووین، بەتایبەتی لە کەرتەکانی ئاو، کارەبا، تەندروستی و چەندین پڕۆژەی گرنگی دیکەش کە بەریتانیا پێشکێشی پارێزگای نەینەوای کردوون، ئیدی بە راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
 
رووداو: کێشەی ئەنجوومەنی پارێزگا و دابەشکردنی پۆستەکان چی لێهات و کەی چارەسەر دەبێت؟
 
پارێزگاری نەینەوا: پێم وایە جموجووڵ لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە. پشت بە خودا لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکەوە لەسەر مێزێک دادەنیشن و کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر دەکەن و رێکدەکەون. هەموو لایەنەکانی نەینەوا هەمیشە دروشمی (نەینەوا لەپێشینەیە) بەرز دەکەنەوە. هەربۆیە ئێمە هەوڵ و رۆڵی لایەنەکان بەرز دەنرخێنین کە رێگەنادەن گرژی دروست ببێت و پەنا بۆ گفتوگۆ دەبەن. ئێمەش لە چەند رۆژی رابردوودا تەواوی هەوڵی خۆمان خستوەتەگەڕ لەپێناو ئەوەی لایەنەکان لەسەر مێزێک دابنیشن و لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن.
 
رووداو: بڕیاری جەنابت گرنگە. دیارە چ کاتێک لایەنەکان دەست بۆ گفتوگۆ دەکەنەوە؟
 
پارێزگاری نەینەوا: ئێستا لێکتێگەیشتنی تەواو لەبارەی ئەو گرژییانەی هەبوون دروست بووە بۆئەوەی لە 10 رۆژی داهاتوودا لەسەر مێزێک دابنیشن، هەروەها گفتوگۆکان بەردەوامن. ئێمە وەکو حکومەتی خۆجێیی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا لە هەوڵی بەردەوام داین، چونکە گفتوگۆ چارەسەرە.
 
رووداو: ئەو کێشە و بەربەستانە چین کە لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالدان؟
 
پارێزگاری نەینەوا: سەبارەت بە رێککەوتننامەی شنگال، سێ خاڵ لە پێشەکی ئەو رێککەوتننامەیەدا هەن  کە ئاسایش، بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارین و سێ خاڵی گرنگن. پشت بەخودا، ئێمە ئەمڕۆ گرێبەستی نەخۆشخانەی شنگال واژۆ دەکەین کە واتای ئەوەیە خزمەتگوزاری دەگاتە شنگال، هەروەها لە سنوونێ نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی دروست دەکرێت. لە بواری ئەمنییشدا 2500 پۆلیس بۆ شارەکە دامەزرێنراون کە لە قۆناخی یەکەمدا 1500 کەس لە دانیشتوانی شنگال دامەزرێنران. سەبارەت بە پرسی بەڕێوەبردنیش، پێم وایە لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن. دروشمی ئێمە ئەوەیە کە هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک لە شنگال و نەینەوا دروست نەبێت. نەینەوا پارێزگایەکی فرەنەتەوە و فرەئایینی و مەزهەبییە. بڕوامان بەو فرەلایەنییە هەیە بۆئەوەی پەیامی دڵنیاییمان بە دانیشتوانی نەینەوا و پێکهاتەکان بگات کە نەینەوا بۆ هەمووانە.