رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێخۆشبوونی گشتی کرد و هەمواری یاسای باری کەسیشی خستە کارنامەی کارەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێخۆشبوونی گشتی کرا. حەمید شبلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە دەکرێت و پەسند دەکرێت".
حەمید شبلاوی گوتی، "پڕۆژەکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی هەواڵدەری ناڕاست و بە پاساوی تیرۆر دەستگیرکراون".
هاوکات تەها مەجمەعی، پەرلەمانتاری عێراق گوتی، "لە رێگەی ئەو هەموارەی دەکرێت، زۆرێک لەو کەسانەی لە ساڵانی رابردوودا خراونەتە زیندانەوە ئازاد دەکرێن".
پەرلەمانی عێراق بڕیاریشیدا یاسای باری کەسی بخرێتە نێو کارنامەی کاری ئەمڕۆیەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار بۆ ئەو مەبەستە واژۆیان کۆکردبووەوە.
هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی زیادکردنی 3 دێڕە بۆ بڕگەی دووەمی مادەی 4ی یاسای لێخۆشبوونی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016.
بڕگە زیادکراوەکە پێناسەی تاوانی پەیوەندیکردنە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و ئەم کەسانە دەگرێتەوە:
- ئەو کەسانەی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان کاریان کردووە.
- ئەو کەسانەی خەڵکیان لەو رێکخراوانە کردووەتە ئەندام.
- ئەو کەسانەی کاری تاوانکارییان بۆ ئەو رێکخراوانە کردووە.
- ئەو کەسانەی بەهەر شێوەیەک بووە یارمەتیی کاری تیرۆریستییان داوە.
- ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هەیە.
پێشتر لە 1ـی ئەیلوولی 2016، سەرۆککۆماری عێراق یاسای لێخۆشبوونی گشتی واژۆکرد کە پێش ئەوە پەرلەمان پەسندی کردبوو.
یاساکە لە 16 مادە پێکدێت و بەشێک لە سوننەکان هەموارکردنەوەی بە پێویست دەزانن و دەڵێن، بەهۆی یاسای تیرۆرەوە ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکان دەستگیرکراون.
هەمواری یاسای باری کەسیش مشتومڕ هەڵگرە. رۆژی 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست.
یاسای باری کەسی ژمارە 188 لە ساڵی 1959 دەرچووە و چەند جارێک هەموار کراوەتەوە. ئێستا هاوپەیمانێتییەک بەناوی 188 دژی هەموارکردنەوەی یاساکە دروستبووە و بە هۆکارێک بۆ هەڵوەشانەوەی خێزانی دەزانن.
هەمواری یاسای باری کەسی لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆوە پێشکێش کراوە.
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاددەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەو کارەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ