رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێداگریی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەکات و دەڵێت، سوودانی پێیگوتوون بەبێ سازانی سەرجەم پێکهاتەکان، هیچ حکومەتێک لە کەرکووک پێنایەت.
فراکسیۆنی عەرەبی لە کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 04-08-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، کە لە دیدارەکەیاندا دووپاتیکردووەتەوە "بەبێ سازانی سەرجەم پێکهاتەکان، هیچ حکومەتێک لە کەرکووک پێنایەت."
فراکسیۆنی عەرەبی لە کەرکووک جارێکی دیکە دووپات لە هەڵوێست و پێداگریان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەنەوە، خۆیان بە گەورەترین فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک دەزانن.
فراکسیۆنی عەرەبی 6 ئەندامی لە ئەنجوومەن هەیە. داوا دەکات پۆستی پارێزگاری کەرکووک لای ئەوان بێ. بە گوتەی خۆیان "تاوەکو درێژە بدرێ بە کاروانی سەقامگیری و ئاوەدانی، کە کەرکووک لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا بەخۆیەوە دەیبینێ".
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب، تورکمان و یەکێتی و نوێنەرەکەی کریستیان و پارتی کۆبووەوە، ئەوەش بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.
شەممە، 3ـی ئابی 2024، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کریستیانەکان جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە هەوڵەکان و لەپێشینەدانانی بەرژەوەندییەکانی کەرکووک کردەوە، هەروەها پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەی بە پێویست زانی؛ چونکە هاووڵاتییانی کەرکووک پێویستییان بە خزمەتگوزاری زیاتر و باشکردنی دۆخی ئابووری شارەکەیە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سوودانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەربڕیوە و جەختی لە گرنگیی پێکەوە کارکردن و پەراوێز نەخستنی یەکدی کردووەتەوە، کە ئەوەش برایەتیی نێوان پێکهاتەکان فەراهەم دەکات و هاوکار دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی پارێزگاکەدا."
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی و بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، سوودانی بەلایەوە گرنگ بوو لە وادەی یاسایی دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت و پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلابکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، سوودانی داوای کردووە بە رێککەوتن لەنێوان لایەنەکان، پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن دابەش بکرێن.
18ـی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و کەرکووک کرا.
لە 28ـی كانوونى 2024ـدا ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەتوانراوە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی 1 کورسی هەیە. هەروەها پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ