زیاترلە 100 پەرلەمانتار داوا دەکەن هەمواری یاسای باری کەسیی عێراق بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان

04-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
روووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 100 پەرلەمانتار داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن، هەمواری یاسای باری کەسی بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارانەی داواکەیان پێشکێشکردووە دەڵێن "پەشیمانبوونەوە لە هەموارەکە نییە."
 
حەسەن سالم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە و بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی داوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای باری کەسی بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024ـی پەرلەمان، کە بڕیارە کاژێر یەکی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
 
پێشکێشکردنی داواکە لە کاتێکدایە ناکۆکیی زۆر لەسەر ئەو هەموارە هەیە و کورد و سوننە لەگەڵیدا نین، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "پەشیمانبوونەوە لە هەمواری یاساکەدا نییە، 100 واژۆمان بۆ کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە. لە پێناو فریاکەوتنی خێزانی عێراقی، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەڵامی هەبێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست. ئەمیر مەعمووری کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات، بە رووداوی گوت "گرنگە ئەو هەموارە تاوتوێ بکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە رێز لە تاکەکان بگیرێت و بەپێی مەزهەبیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەموارەکە هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ نییە و پێچەوانەی دەستووریش نییە."
 
یاسای باری کەسی ژمارە 188 لە ساڵی 1959 دەرچووە و چەند جارێک هەموار کراوەتەوە. ئێستا هاوپەیمانێتییەک بەناوی 188 لە دژی هەموارکردنەوەی یاساکە دروستبووە و بە هۆکارێک بۆ هەڵوەشانەوەی خێزانی دەزانن.
 
هەمواری یاسای باری کەسی کە لەبەردەستی پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاددەکرێت، کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت. 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە "دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
هەموارەکە نیگەرانیی بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتانی لێکەوتووەتەوە و، دەڵێن گرێبەستی هاوسەرگیری بەپێی مەزهەب دابەشکردنی عێراقە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.