گوتەبێژی حکومەتی عێراق گفتوگۆی نێوان سوودانی و بلینکن بۆ رووداو ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بلینکن داوای لە سوودانی کردووە، لە هاوسەنگ راگرتنی دۆخی ناوچەکە رۆڵی هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئابی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سوودانی و بلینکن لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و هەروەها بێباکییەکانی نەتەنیاهوو و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان و هێرشە فراوانەکانی دێت، کە ناوچەکەی خستووەتە لێواری شەڕێکی گشتگیر و وایکردووە شەڕ لە سنوورێکی دیاریکراودا نەوەستێت".
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیران سوودانی راشکاوانە بە بلینکنی گوت، کە باشترین رێگەچارە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی ئاگری شەڕ، راگەیاندنی ئاگربەستە لە غەززە".
لەبارەی داواکاری بلینکن لە سوودانی، باسم عەوادی رایگەیاند، "ئەنتۆنی بلینکن داوای لە محەممەد شیاع سوودانی کرد، کە حکومەتی عێراق لە هاوسەنگ راگرتنی دۆخی ناوچەکەدا رۆڵی خۆی بگێڕێت".
گوتەبێژی حکومەت دەڵێت، "عێراق بە ئەرکی خۆی هەستاوە و پەنای بردووەتە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی و چەندین لایەنی دیکە، بۆ ئەوەی رێگە لە تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان بگیرێت، بەڵام نێوەندگیرییەکان هیچ سوودێکیان نابێت ئەگەر سەرەتا نەتەنیاهوو ناچار نەکرێت شەڕ رابگرێت، چونکە ئەو دەیەوێت چەند بەرەیەکی دیکەش بۆ شەڕ بکاتەوە".
عەوادی گوتیشی، "ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات بەرەو پێکدادانێکی گشتگیر و ترسناکمان دەبات، ئەوەش سەرۆکوەزیران (محەممەد شیاع سوودانی) لە ماوەکانی رابردوودا باسی کردووە، کە دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە ناوچەکە بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەبات".
4ى ئاب، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پەرەسەندنەکانى دۆخى هەرێمى و نێودەوڵەتى و رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخى ئێستا تاوتوێ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە محەممەد شیاع سوودانى، جەختى کردووەتەوە کە رێگرى لە ئاڵۆزبوونى دۆخى ناوچەکە بەندە بە راگرتنى هێرش بۆ سەر کەرتى غەززە و رێگرى لە فراوانبوونى بۆ لوبنان و هێرشکردنى ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دواى پێنج رۆژ بوو لە کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماسی فەلەستینى لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامیی ئێران، کە بەهۆیەوە هۆشداری دەدرێت لە ئەگەرى ئاڵۆزبوونى دۆخى ئەمنى ناوچەکە.