سوودانى بۆ بلینکن: رێگرى لە ئاڵۆزبوونى دۆخەکە بەندە بە راگرتنى هێرشی سەر غەززە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەپەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا تاوتوێى دۆخى ناوچەکە و رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونى زیاتری ناوچەکە کرد کە بە گوتەى سوودانى بەندە بە راگرتنى هێرش بۆ سەر کەرتى غەززە و رێگرى لە فراوانبوونى بۆ لوبنان.
4ى ئاب، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پەرەسەندنەکانى دۆخى هەرێمى و نێودەوڵەتى و رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخى ئێستا تاوتوێ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە محەممەد شیاع سوودانى، جەختى کردووەتەوە، رێگرى لە ئاڵۆزبوونى دۆخى ناوچەکە بەندە بە راگرتنى هێرش بۆ سەر کەرتى غەززە و رێگرى لە فراوانبوونى بۆ لوبنان و هێرشکردنى ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دواى پێنج رۆژ بوو لە کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماسی فەلەستینى لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامیی ئێران، کە بەهۆیەوە هۆشداری دەدرێت لە ئەگەرى ئاڵۆزبوونى دۆخى ئەمنى ناوچەکە.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران رایگەیاند: وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ویستى وڵاتەکەى دەربڕیوە بۆ ئەوەى عێراق رۆڵى هەبێت لە راگرتنى دۆخى ناوچەکە و رێگرى لە روودانى ئاڵۆزى زیاتر لە هەموو لایەنەکانەوە.