خۆپێشاندەرێک لەنێو پەرلەمانی عێراق: لەبەر بێکاری، هەژاری و گەندەڵی لێرەم


رووداو - بەغدا

لە بەردەم پەرلەمانی عێراق لایەنگرانی رەوتی سەدر شەش رۆژە خێوەتیان هەڵداوە، یەکێک لە خێوەتەکان تایبەتە بە خۆپێشاندەرانی بابل و نەجەف. 
 
حاجی ئەبو یاسر کە تەمەنی 70 ساڵە، لە نەجەفەوە چووەتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ مانگرتووان دەمێنێتەوە، ئەو ھەموو ئومێدێکی بە موقتەدا سەدرە بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە عێراق و دەڵێت، ئەم شۆڕشە دوایین دەرفەتی گەلە. 
 
حاجی ئەبو یاسر بە رووداوی گوت: "ئێمە ھاتووین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی ئەو کۆمەڵە گەندەڵکارە دەوەستینەوە کە مافی گەل و خێرەکەی دەخۆن و ئەزیەتیان داوین، لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان و ئەو وڵاتانەی کاری بۆ دەکەن، واتە ئەمە سەر بە فڵان شوێنە و ئەمەش سەر بە فڵان و ئەوانیش کۆنترۆڵیان کردوون، ھەندێک سیاسی ھەیە دەڵێت: ئەگەر شەڕ لەنێوان ئێمە و ئێران دروستبێت، من لەگەڵ ئێرانم." 
 
خۆپێشاندەران لەنێو پەرلەمان دڵخۆشن، پشوو دەدەن و دەخەون، یەکێک لە خۆپێشاندەران کە دوو ساڵ لە ھەولێر کاری کردووە و بە کوردی قسە دەکات، دەڵێت، بێکاری، ھەژاری و گەندەڵی ئەوانی بردووەتە پەرلەمان.
 
عیسام بەندەر، کاسبکار باس لەوە دەکات: "من دوو ساڵ لە ھەولێر کارمکردووە، لێرە کار نەبوو، ناچار چوومە ھەولێر کار بکەم، ئێمە ھاتووین بۆ ئێرە و خۆپێشاندان دەکەین، چونکە دۆخەکە باش نییە، لە 2003وە تاوەکو ئێستا ھیچ نەکراوە، من گەنجم، وازم لە قوتابخانە ھێنا بەهۆی خراپیی دۆخی ژیان." 
 
زیاتر لە 80 تیم رۆژانە سێ ژەم خواردن و خواردنەوە بۆ هەزاران خۆپێشاندەر لەنێو پەرلەمان ئامادە دەکەن.