رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لینکێکى ئەلیکترۆنى بۆ هەواڵدان لەبارەی ئەو بابەتانە کارا دەکات، کە بە "ئاست نزم و دژ بە حەزى گشتى و بێشەرمانە" ناوى بردوون.
3ـی تەممووزى 2024، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییەى بە ناوى"بگەیێنە" کارا کردووە.
وەزارەتى ناوخۆ دەڵێت "ئەو سەکۆیە بۆ هەواڵدانە لەو بەرهەمانەى ئاستیان نزمە و زیان بە حەزى گشتى دەگەیێنن، پەیامى نەرێنیی بێشەرمانەیان تێدایە و سەقامگیریى کۆمەڵگە تێکدەدەن."
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "وەزارەتى ناوخۆ، لێکۆڵینەوە لەو جۆرە بابەتانە دەکات و ئەو هەژمارە ئەلیکترۆنییانە دادەخات کە ئەو جۆرە بەرهەمانە بڵاودەکەنەوە، هەندێکجاریش لە دادگە رێوشوێنى یاسایی لەدژیان دەگرێتەبەر."
لە جۆرەکانى هەواڵدان لەو سەکۆ ئەلیکترۆنییەدا، هاندانى رقلێبوونەوە و تووندووتیژین، لەگەڵ ئەو بەرهەمانەى دژی حەزى گشتین.
سەگڤان سندى ئاماژەى بەوە دا ئەو بەرهەمە ڤیدیۆییانە کێشەى کۆمەڵایەتیان لێکەوتووەتەوە، بۆیە رێوشوێن لە دژیان گیراوەتەبەر.
لەو سەکۆیەدا پێویستە هەواڵدەرەکە ناوى سکاڵالێکراوەکە و شوێنى کار و نیشتەجێبوونەکەى، هەروەها بەستەرى ئەو بەرهەمە بنێرێت، کە بە "ئاستنزم" دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ