هەر ئەفسەرێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق کێشى زۆر بێت پلەى بەرزناکرێتەوە

04-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن قەڵەوی قەڵەوی، جەڵتەی دڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى ناوخۆى عێراق بڕیاری دا، هەر ئەفسەرێک کێشى دانەبەزاندبێت پلە بەرزکردنەوەى لە مانگى تەممووز بۆ نەکرێت، بەوەش ئەو هەنگاوە بۆ شەش مانگ دوادەکەوێت.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆ فەرمانی داوە پلەی ئەو ئەفسەرانە لە مانگى تەمموز بەرزنەکرێتەوە، کە کێشى لەشیان زیادە.
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى وەزیرى ناوخۆ بووە لەگەڵ دەستەى بۆچوونى سەر بەو وەزارەتە، بڕیارەکەش لەسەر بنەماى یاساى توانستى تەندروستییەوە دراوە.
 
بەگوێرەى یاساى توانستى تەندروستى ساڵى 1980، لیژنەى تەندروستیی سەربازی، بڕیاردەدات هەر پۆلیسێک بەردەوام بێت لە خزمەتەکەى، ئەگەر بەهۆیەوە نەتوانێت چەک هەڵبگرێت، یان هەر کارێکى دیکە بکات، کە پێویستە.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (4ـی تەمموزى 2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دیاریکردنى کێشی  یاسایی و گونجاوى ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ بەگوێرەى هاوکێشەى لێکدانى کێش و تەمەن و درێژى باڵاى دەبێت، ئەگەر ئەفسەرێک تەمەنى 40 ساڵ و درێژیی باڵاى 180 سانتیمەتر بێت، نابێت کێشی لە 87 کیلۆ زیاتر بێت، هەتا تەمەنیشی کەمتر بێت، بڕى کێشەکەى دادەبەزێت. 
 
سەگڤان سندى ئاماژەى بەوەدا، پێشتر ئەو ئەفسەرانە مەشقیان بینیوە بۆ دابەزاندنى کێش، ئەو ئەفسەرانەى مانگى تەمووز پلەبەرزکردەوەیان بەهۆى کێشیانەوە رەتکراوەتەوە، تاوەکو شەش مانگى دیکە دەرفەتى ئەو پلە بەرزکردنەوەیان نابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە