تۆمارکردنی چاودێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتی تۆمارکردنی چاودێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند کە بڕیارە رۆژی 18-12-2023 لە عێراق بەڕێوەبچێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی سێشەممە 04-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 06-07-2023 دەرگای تۆمارکردنی چاودێرانی نێوخۆیی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێتەوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی "تۆمارکردن تەنیا تیمە نێوخۆییەکان دەگرێتەوە کە دەیانەوێت چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەن بکەن؛ ئەو کەسانە دەتوانن سەردانی نووسینگەی کۆمیسیۆن بکەن لە هەر 15 پارێزگاکەی عێراق کە هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت، بۆئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، جومانە غەلای ئەوەی خستەڕوو، "ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەناچێت."
جومانە غەلاى دەڵێت، "7000 ناوەند و 40 هەزار وێستگەى دەنگدان لە عێراق هەن؛ دوو کامێرا لە هەر ناوەندێکى تۆمارکردنى دەنگدان و کامێرایەک لە هەر ناوەندێکى دەنگدان دادەنرێت، بەڵام بەگوێرەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، ئەو ناوەندانە ئەگەرى کەمبوون یان زیادبوونیان هەیە."
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتی، بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆن ناچارە تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو بەکاربهێنێت، لەوانە کامێراى چاودێری بە مەبەستى پاراستنى نھێنیى دەنگدان.
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرابێت لە ساڵى 2013 بوو؛ لە ساڵى 2019 کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕکرا.