وەزارەتی پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەکانی 6ـی ئامادەیی دوادەخات

04-07-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی عێراق رایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی 6ـی ئامادەیی کە بڕیار بوو لە 27-07 بکرێن، دوادەخرێن و رەنگە لە 21-08 تاقیکردنەوەکان بکرێن.
 
ئەحمەد عوبێدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە راگەیاندنی فەرمیی عێراقی راگەیاند: "تاقیکردنەوەی کۆتایی قۆناخی شەشی ئامادەیی کە بڕیار بوو 27ی ئەم مانگە دەستپێبکات بۆ 21 مانگی ئابی داهاتوو دواخرا، بەڵام ئەو وادە نوێیە بەشێوەیەکی سەرەتایی دیاریکراوە؛ بۆیە داواکارین لە خوێندکارانی قۆناخی شەشی ئامادەیی ئەو کاتە بقۆزنەوە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانیان بۆ سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکان".
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوودا خشتەی نوێی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی قۆناخی شەشی ئامادەیی رادەگەیەنین".
 
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دوای دوو رۆژ هات لە دەرچوونی بڕیاری دواخستنی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی نۆی بنەڕەتی بۆ ماوەی دوو هەفتە؛ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا.
 
بەرەبەیانی هەینی رابردوو (2/7/2021) بەهۆی لەکارکەوتنی هێڵێکی سەرەکیی گواستنەوەی تەزووی کارەبا لە ناوەڕاستی عێراق سیستەمی دابەشکردنی تەزووی کارەبا لە هەموو عێراق کوژایەوە ئەوەش بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکان لە کاتێکدا پلەی گەرما لە عێراق گەیشتووەتە نزیکی 50 پلەی سیلیزی، بەڵام دوای نزیکی 7 کاژێر کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق بەشێوەی ناوبەناو دابینکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە