دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای خاوەن زەوییەکانی کەرکووکی دواخست

04-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لەو دوو سکاڵایە بۆ رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو دواخست کە لەلایەن ژمارەیەک جووتیار و خاوەن زەوییەکانی پارێزگای کەرکووکەوە دژی دوو بڕیاری سەردەمی بەعس تۆمارکراون.
  
سکاڵای یەکەم ژمارە 141/ فیدراڵی/2023 ـی هەیە و هەریەک لە عیزەدین غازی عاسی، نەجات موكەڕەم عەبدوڵڵا، شابوور نەجمەدین کەریم، لوقمان عەدنان تاڵەبانی تۆماریان کردووە و داوا دەکەن بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 824ـی 16-8- 1976 بە نادەستووری هەژمار بکات.
 
بڕیارەکە تایبەتە بە تاپۆکردنی ژمارەیەک زەوی لە سنووری ناحیەی داقووق لە پارێزگای کەرکووک و تۆمارکردنیان لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ وەک موڵکی رەها، ئەوەش بەمەبەستی دابەشکردنیان بەسەر جووتیاران بەپێی بنچینەکانی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 117ـی ساڵی 1970.
 
بڕیاری 824 یەکێکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕشی بەعس و لەسەر ئەو بنچینەیە 14 پارچە زەوی بە رووبەری زۆر وەرگیرانەوە.
 
سکاڵای دووەم ژمارە 142/ فیدراڵی/2023ـی هەیە و سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر، رەمزی حەمید حوسێن سکاڵایان تۆماریان کردووە و داوادەکەن دادگەکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 949ـی ساڵی 1997 و تاکە یاسای یەکخستنی جۆرەکانی زەویی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی دارایی بدات.
 
رۆژی سێشەممە نەجات موکەڕەم، یەکێک لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دادگە سکاڵاکەمانی بۆ مانگی داهاتوو دواخست؛ هێشتا روون نییە بۆ بڕیاردانی کۆتاییە یان تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەی دیکەی ماوە". 
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، "بڕیاری ئەرێنی دادگە لە بەرژەوەندیی ئێمە دەبێتە هۆی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی زەویی کورد و تورکمان کە کاتی خۆی بە ناڕەوا لێمان وەرگیراوە". 
 
بڕیاری ژمارە 949ـی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕش یەکێکی دیکەیە لەو بڕیارانەی بەهۆیەوە دەستگیراوە بەسەر دەیان هەزار دۆنم زەویی هاونیشتمانییانی کورد لە 14 ناوچەی پارێزگای کەرکووک.
 
یاسای یەکخستنی جۆری زەوییەکانی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 یەکێکە لە یاساکانی سەردەمی بەعس و لەسەر بنچینەی یاساکە، سەتان دۆنم زەوی لە کورد وەرگیراوەتەوە. 
 
لە سەردەمی بەعسدا سەتان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیرا و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکات لە خاوەنە رەسەنەکانیان وەرگیرایەوە و درایە عەرەبی هاوردە یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمارکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.