رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکی راگەیاند کە تۆمەتبارە بە بەفیڕۆدانی 6 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە وەزارەتی تەندروستی، گوایە مووچەی بۆ پاسەوانە وەهمییەکانی وەزارەتەکە خەرجکردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق بڵاویکردەوە، جینان جەواد قەیسی پێشتر لە وەزارەتی تەندروستی پۆستی هەبووە و لە بێلاڕووسەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.
دەستەکە دەڵێت، گەڕاندنەوەی ئەو بەرپرسە بە هاوئاهەنگیی فەرمانگەی گەڕانەوە لە دەستەکە، دەزگای هەواڵگری، وەزارەتی دەرەوە و پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ بووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، ئەو ژنە بەرپرسی دارایی فەرمانگەی کارگێڕی، دارایی و یاسایی بووە لە وەزارەتی تەندروستی و زیانی بە دارایی گشتی گەیاندووە.
بەرپرسەکەی پێشووی وەزارەتی تەندروستی تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە لە دەرەوەی رێنوێنی و رێکارە تایبەتەکانی خەرجکردنەوە، مووچەی بۆ کۆمەڵێک پاسەوانی وەهمی بە بڕی شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار خەرجکردووە.
ژنەکە لە لیستی سووری پۆلیسی نێودەوڵەتی ناوی هەبووە و دوای دەستگیرکردنی لە بێلاڕووسیاوە گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.
پێشتر دادگەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی گەندەڵی، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەو ژنە بەپێی مادەی 340ی یاسای سزادانی عێراق بە حەوت ساڵ بۆ دەرکردبووە.
بەگوێرەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا عێراق لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157مینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ