رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق تاتوێی دوو سکاڵای ژمارەیەک جووتیار و خاوەن زەوییەکانی پارێزگەی کەرکووک دەکات، کە بەهۆی دوو بڕیار زەوییەکانیان دراوەتە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و دارایی عێراق.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-6-2023) دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای جووتیاران و خاوەنە رەسەنەکانی بەشێک لە زەوییەکانی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت.
سکاڵای یەکەم ژمارە 141/فیدراڵی/2023ـی هەیە، هەریەک لە عیزەدین غازی عاسی، نەجات موكەڕەم عەبدوڵڵا، شابوور نەجمەدین کەریم، لوقمان عەدنان جونەید تاڵەبانی. سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە و، داوا دەکەن بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 824ـی 16-8- 1976 بە نادەستووری ئەژمار بکات.
بڕیارەکە تایبەتە بە تاپۆکردنی ژمارەیەک زەوی لە سنووری ناحیەی داقووق و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی وەکو موڵکی رەها، کە هیچ پابەندبوونێک یان مافێکی هیچ کەسی بەسەرەوە نییە، ئەوەش بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر جووتیاران بەپێی بنچینەکانی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 117ـی ساڵی 1970.
بڕیاری 824 یەکێکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕشی حیزبی بەعس، تێیدا 14 پارچە زەوی بە رووبەری زۆر وەرگیراوەتەوە.
سکاڵای دووەم ژمارە 142/فیدراڵی/2023ـی هەیە، سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر، رەمزی حەمید حوسێن، سکاڵایان لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکردووە و داوادەکەن؛ دادگەکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 949ـی ساڵی 1997 و هەموارکراو و تاکە یاسای یەکخستنی جۆرەکانی زەویی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی دارایی بە مەبەستەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی، بدات.
رۆژی سێشەممە، 16-7-2023، نەجات موکەرەم عەبدوڵڵا، یەکێک لە سکاڵاکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەردوو سکاڵاکە پەیوەندییان بە دوو بڕیاری رژێمی بەعسەوە هەیە کە زەوییەکانی ئێمە و ژمارەیەکی زۆر کوردیان وەرگرتووەوە لە سەردەمی پێشوو و، خراونەتە سەر وەزارەتەکانی دارایی و کشتوکاڵ، سکاڵاکە زەوییەکانی داقووق، سەرگەڕان، پردێ، دووبز و چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە کە 82 هەزار دۆنم زەوی دەبێت."
روونیشیکردەوە "ئەگەر دادگەی فیدراڵی لەو دوو سکاڵایەدا لە بەرژوەندیی ئێمە بڕیار بدات، دەبێتە پێشینەیەکی باش بۆ گێڕانەوەی 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە پارێزگەی کەرکووک بۆ خاوەنە رەسەکانیان."
بڕیاری ژمارە 949ـی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕش یەکێکی دیکەیە لەو بڕیارانەی بەهۆیەوە دەست گیراوە بەسەر دەیان هەزار دۆنم زەویی کورد لە 14 ناوچەی پارێزگای کەرکووک، لەنێویاندا گوندەکانی شەناغە، جەرد، سەربەشاخ، قرغەتوو، کتکە، پەڵکانە، کەزووشان و هی دیکە.
یاسای یەکخستنی جۆری زەوییەکانی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 یەکێکە لە یاساکانی سەردەمی بەعس و بەگوێرەی یاساکە، سەتان دۆنم زەوی لە کورد وەرگیراوەتەوە.
لە سەردەمی بەعس سەتان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیراوە و، بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکات لە خاوەنە رەسەنەکانیان وەرگیراونەتەوە و دراونەتە عەرەبی هاوردە، یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ