رووداو - بەغدا
بڕیارە چوارچێوەی ھاوئاهەنگی، کە زۆرینەن لە پەرلەمان، کۆببنەوە و دوا بڕیاری خۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە گشتی بدەن. ئەوان دەڵێن، نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام نایشارنەوە کە بژارەی زۆرینە یەکێکە لە ئەگەرەکانی بەردەمیان.
د. عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەڵێت، "بڕوام وایە ھەنگاوی باشمان بڕیوە و نزیکین لە رێککەوتن و زۆریش لێکنزیکین؛ ئەو دوو رۆژەی ھەفتەی رابردووش کە مۆڵەتدرا بۆ رێککەوتن بوو، بۆیە دەڵێم نزیکین رێکبکەوین، بەڵام لە ئەنجامدا ئەمە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییە و نابێت لەوە زیاتر درەنگبکەوین. نیوەی ساڵ تێپەڕی و بودجە پەسند نەکراوە، لیژنەی دارایی ئامادەی کردووە بۆیە لە کۆبونەوەکە بڕیار دەدەین کە پێویستە بودجە پەسند بکرێت لەبەر بەرژەوەندیی گشتی."
هێشتا گۆڕانکارییەکانی سەر مادەکانی 13 و 14، کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، نەکراون؛ کە کورد داوای دەکات وەکو ئەوەی لە حکومەت هاتووە دەبێت تێپەڕێندرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بژارەی زۆرینە و کەمینە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابن.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە راستیدا ئەگەر باسی لۆژیکی زۆرینە و کەمینە بکەن، ئێمە وەکو کورد 19 ساڵە لە پەرلەمانین و ھیچکات یاسایەک لە بەرژەوەندیی کورد تێناپەڕێت وەکو ئەوەی کە ئێمە و بۆچوونەکانمان دەیەوێت، بۆیە کە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی باسی لۆژیکی زۆرینە دەکات، ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت و دەڵێین، ھیچ کات دەستبەرداری ماف و شایستە داراییەکانی حکومەت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان نابین."
پەرلەمانى عێراق لە 16ى نیسانى 2023 خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە هەنگاوى بەر لە دەنگدان و پەسندکردنیەتى؛ ئەگەرچی لیژنەی دارایی زۆربەی کارەکانی بودجەی تەواو کردووە، بەڵام نەبوونی کۆدەنگی وایکردووە پەرلەمان نەتوانێت بۆ پەسندکردنی بودجەی گشتی کۆببێتەوە.
لایەنە عێراقییەکان ئۆباڵی درەنگکەوتنی بودجە دەخەنە ئەستۆی کورد و زۆربەی پەرلەمانتارانی کوردیش ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، پشکی ھەرێمی کوردستان گرفتی بەردەم تێپەڕاندنی بودجە نییە، چونکە زۆرینەی پەرلەمان بەدەست شیعە و چوارچێوەی ھاوئاھەنگییە و ئەوان دەتوانن بە زۆرینە تێیپەڕێنن، بەڵام نەبوونی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان فراکسیۆنە سیاسییەکان وایکردووە تائێستا بودجە پەسند نەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ