وەزیری ناوخۆی عێراق: رێگری لە پەڕینەوەی چەکدارانی پەکەکە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا تووندتۆڵ دەکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بکەن. گوتیشی، بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوور لەگەڵ تورکیا و ئێران، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 72 ملیار دینار داوە.
 
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە دووەم رۆژی دیداری عێراق لە پانێڵێکدا رایگەیاند، چیای قەرەچووخ بابەتێکی گرنگ و ئاڵۆزە، دوو بەشە؛ بەشی باکوور و بەشی باشوور، مەفرەزەی داعشی لێیە، چەندینجار بۆردوومانی ئاسمانی کراون، بەشی باکووری چیای قەرەچووخ هێزەکانی پێشمەرگەی لێیە و باشووری سوپای عێراق، بەردەوام ئەرکی هاوبەشی تێیدا دەکرێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپا.
 
وەزیری ناوخۆی عێراق روونیکردەوە، ماوەیەک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنێکی "سەرکەوتوو" لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و فیرقەی 14 سوپای عێراقی لە قەرەچووخ بەڕێوەچوو. بە گوتەی شەممەری، ژمارەیەکی کەم لە چەکدارانی داعش لە چیای قەرەچووخن، بەڵام لە نێو ئەشکەوتەکاندا خۆیان حەشارداوە.
 
سەبارەت بە جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا، وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی: "بەمدواییانە داعش چالاکیی ئەو تۆی نەبووە، مەخمور ناوچەیەکی زۆر ئارامە، تەنانەت گوندەکانی نزیک زاب و ناوچەکان دەرووبەری ئارامە و هیچ جموجووڵێکی داعش بەدی نەکراوە، کامێرای چاودێری بە درێژایی هێڵەکە هەیە، بەردەوامیش گەڕانی ئاسمانی هەیە."
 
وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە پانێلەکەدا باسی لە دۆخی سنوورەکان بە تایبەتی سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "کێشەکە ئەوەیە پاسەوانی سنووری عێراقی بە دیاریکراوی هێڵی سفری سنووری بەدەست نەگرتووە، نزیکەی 25 کلیۆمەتر دابەزیوە، ناوچەیەکی بەجێهێشتووە، کە ئەو ناوچەیە بووەتە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکاران، بۆیە ئێستا دەستمان کردووە، لە رووباری هیزل بەسەرکەوتووین بە مەودای 15 کلیۆمەتر، خاڵیان لە هێڵە سنوورییەژە دامەزاندووە، وەک دەزانن ناوچەکە سەخت و دژوارە پێویست بە کردنەوەی رێگە هەیە."
 
عەبدولئەمیر شەممەری ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی 72 ملیار دینار بۆ کڕینی ئامێری ئەندازەیی و ئۆتۆمبێڵ، هەروەها دروستکردنی یەکەی پاسەوانی سنوور، بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوور.
 
وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەدا لە سنووری عێراق و تورکیا چەند رێکارێکیان گرتووەتەبەر، کە بە بڕوای ئەو "سنوور بەهێز و تووندتۆڵ دەکات".
 
عەبدولئەمیر شەممەری گوتی: "بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکی سنوور دادەخەین، هێزی عێراقی لە سنوور دەبێت، هەروەها لایەنی تورکیش پێویستە سنووری بەری خۆی تووندوتۆڵ بکات لە ئەنجامدا هیچ پەڕینەوە و دزەکردنێکی چەکدارانی پارتی کرێکاران لە نێوان تورکیا عێراق نابێت."
 
هەر سەبارەت بە تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان، عەبدولئەمیر شەممەری گوتی: "لیوای 21مان لە سلێمانی دروستکردووە و دوو لیواش لە هەولێر و دهۆک هەن لەسەر سنووری لایەنی تورکی. دوو لیواش لە سلێمانی هەیە لەگەڵ لایەنی ئێرانی". 
 
وەزیری ناوخۆی عێراق دانی بەوەدانا کە پێشتر سنوورەکان تووندوتۆڵ نەبوونە و گوتی: "هەندێک مەخفەری کلاسیکی هەبووە کە هەر یەکێکیان 7 کلیۆمەتر نێوانیان هەبووە، بەڵام ئێستا هەر کیلۆمەترێک تاوەری کۆنکرێتی هەیە و کامێرا هەیە و رێگەیان دروستکردووە."