رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لیژنەی دارایی کرد، تاوەکو 10ـی مانگ بەرچاویان روون بێت، لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە. لە تازەترین لێدوانیشیدا دەڵێت، ئەم مانگە پرۆژەیاسای بودجە پەسند دەکرێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 04-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لیژنەی دارایی کردووە تاوەکو 10ـی مانگ بەرچاویان روون بێت لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و لیژنەی داراییش بکرێتە دووبەش؛ بەشێکیان کاری پێداچوونەوە بە دەقی یاساکە بێت و بەشەکەی دیکەش پێداچوونەوە بە ژمارەکانی نێو پرۆژەیاساکە بکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تازەترین لێدوانیدا (چوارشەممە، 3-5-2023) لە پەرلەمانی عێراقەوە بۆ میدیاکان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە قسەی کرد و رایگەیاند، ئەم مانگە پرۆژەیاسای بودجە پەسند دەکرێت.
لای خۆیەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی دارایی پرۆسەی میوانداریکردنی وەزیرەکانی خێرا کردووە، ئێستا لە بری دوو وەزیر، رۆژانە میوانداریی سێ وەزیر دەکات.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 01-05-2023 سەبارەت بە گفتوگۆکانی بودجە رایگەیاندبوو "رۆژی 10-05-2023 دوایین وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکانی رەشنووسی بودجە".
پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، قەبارەی پارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و ئێستا لە لیژنەی داراییە، هاوکات لیژنەی دارایی لەوبارەوە سەرقاڵی میوانداریکردنی وەزیر و سەرۆکی فەرمانگەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ