عێراق
کۆمەڵەیەکی عێراقی: لە ماوەی ساڵێکدا 280 پێشێلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن کراون
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی رۆژنامەنووسان لە عێراق رایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵدا 280 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن تۆمارکراوە، کە زۆربەیان لە پارێزگای هەولێر بووە. بەڕێوەبەری کۆمەڵەکەش دەڵێت "پێویستە پەرلەمانی نوێی عێراق یاسا لە بەرژەوەندیی رۆژنامەنووسان پەسند بکات کە مافەکانیان دەستەبەر بکات."
بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە عێراقییە لە ماوەی نێوان 3-5-2021 تاوەکو 2-5-2022، 192 دەستدرێژی بە لێدان و رێگەگرتن و نەهێشتن بۆ پەخشکردن تۆمارکراوە، 36 راگرتن و هێشتنەوە هەبووە، لەگەڵ 45 سکاڵا تۆمارکردن و سزادان و فەرمانی دەستگیرکردن تۆمارکراون، هاوکات 10 هەڕەشەکردن بە کوشتن و یەک رفاندن و هەوڵێکی تیرۆرکردن هەبووە.
هەر بەپێی ئاماری رێکخراوەکە، پێنج دەزگای راگەیاندن داخراون و رۆژنامەنووسانیان ناردووەتەوە بۆ ماڵەوە، هەشت هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانی راگەیاندن هەبووە، 10 بریندارکردنی رۆژنامەنووسان و 12 پێشێلکاریی دیکەش هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 4-5-2022، مستەفا ناسر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی رۆژنامەنووسان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەداخەوە تاوەکو دێت ئەو درزە ئازادییەی بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی میدیا لە عێراق هەیە بەرتەسک دەکرێتەوە، جگە لە نەبوونی یاسای باشی پاڵپشت، رێوشوێنەکانی حکومەت و دەزگا بەرپرسەکانیش بەرەو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانن، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە."
مستەفا ناسر گوتیشی: "جگە لە تیرۆرکردن و راوەدوونانیان، دەزگاکان لەنێویاندا دەزگا ئەمنییەکان زۆر جار بوونەتە مۆتەکە لە بەردەم رۆژنامەنووسان، ئەوە سەرباری ئەوەی لە عێراقدا هیچ رێوشوێنێک نییە بۆ ئەوەی بکوژان و دەستدرێژیکارانی سەر مافەکانی رۆژنامەنووسان راپێچی دادگەکان بکرێن و هێشتا ئەوان لە دادگە و بەرپرسیارێتی هەڵدێن، دەبێت حکومەتی عێراق و پەرلەمانی نوێ، یاسای باش بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان پەسەند بکات."
بەپێی کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی رۆژنامەنووسان لە عێراق، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە کە لە هەر یەکێک لەو دوو پارێزگایە 56 پێشێلکاری دژی رۆژنامەنووسان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ