سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەهەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو
رووداو- هەولێر
عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو.
نەجات تائی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەواڵەکەی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە کاتی گەڕانەوەی لە بەغدا، لەڕێگەی نێوان بەغدا- بەعقوبە لەلایەن چەکدارانی نەناسراو تەقەی لێکراوە، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەن بە سەلامەتی و بێ زیان رزگای بووە".
هەر لەوبارەوە سەرچاوەیەکی تایبەت لە پارێزگای دیالە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمشەو لە باکووری رۆژئاوای بەعقوبە چەند چەکدارێک، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری سۆرینتۆی رەنگ رەش بوون، تەقەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێڵەکانی عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، بەڵام پاسەوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەرپەرچی چەکدارەکانیان داوەتەوە دواتر چەکدارەکان هەڵاتوون و رووداوەکەش زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە .