رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هیچ ماتۆڕسکیلێک نابێت دوو کەسی بەسەرەوە بێت، دەبێت کڵاوی تایبەت بەکاربێت و لەلای راستی شەقامەکان رێبکەن. لە بەغدایش رەنگی ماتۆڕی دلیڤەری بەسەر سەوز و پرتەقاڵی دابەشدەکرێت.
بە فەرمانى وەزیرى ناوخۆى عێراق، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هاتووچۆ لە رۆژى شەممە 5ـی نیسانى 2025ـەوە رێکارەکانى تایبەت بە لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لە عێراق جێبەجێ دەکرێت.
رێنماییەکە بە گوێرەى بەیانى ژمارە یەکى ئەمساڵە، کە لە 3ـی ئادار لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە دەرکراوە، بەڵام عەقید حەیدر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى هاتووچۆى عێراق بە رووداوى گوت: "پێشتر بڕیارەکە وەک خۆى جێبەجێنەکراو تووند نەبووین لەسەرى، لە رۆژى شەممەوە رێکارەکان بە فەرمى جێبەجێدەکرێن".
بەگوێرەى ئەو رێنماییە رێگە بە ماتۆڕسکیلى بزوێنەرى 125 سى سى و بەرەو سەرەوە لەگەڵ ماتۆڕى سێ تایە، توکتوک و ستووتە دەدرێت لە ناوەندى شارەکان و دەوروبەرى رێبکەن، بەڵام رێگە نادرێت هیچ ماتۆڕسکیلێکى دووتایە نابێت دوو کەسی لەسەر بێت، پێویستە شۆفێرەکەى کڵاوى تایبەتى لێخوڕین لەسەر بکات.
عەقید حەیدر شاکر دەڵێت: "لە شەممەوە هەرکەس پێچەوانەى ئەو رێنماییە بجوڵێتەوە، رووبەڕووى رێوشوێنى یاسایی دەبێتەوە و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێت" .
یەکێک لە رێنماییەکانى دیکە ئەوەیە کە دەبێت ماتۆڕسکیلەکان لەلاى راستى شەقامەکان رێبکەن، رێگەیان پێنادرێت لە کاژێر یەکى شەو تاوەکو پێنجى بەیانى کار بکەن.
رێنماییەکە رەنگى ماتۆڕسکلیەکانى دلیڤەرى لە بەغدا بەگوێرەى هەردوو بەشەکەى شارەکە (رەسافە و کەرخ) دابەش کردووە، ئەوانەى لەبەشى رەسافەن رەنگیان پرتەقاڵى و ئەوانەى لە بەشى کەرخ کاردەکەن دەبێت رەنگیان سەوز بێت، رێگەی نادرێت ماتۆڕسکیلى دلیڤەرى هیچکام لەو دووبەشە بچنە بەشەکەى دیکە، ناشبێت هیچ کەسێک لەگەڵ خۆیان بگوێزنەوە.
ماتۆڕسوارەکانی دلیڤەرى ناتوانن بەبێ مۆڵەت و رێگەپێدانى ئاژانسى هەواڵگریى لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ ماتۆڕەکانیان لێبخوڕن.
دەبێت ماتۆڕسکیلەکان تۆمارکراوبن و بەشێوەیەکى یاسایى هاوردە کرابن و گومرگ کرابن، ئەوانەش کە تابلۆیان نییە و تۆمارنەکراون، رێگەیان پێنادرێت لەسەر رێگە گشتییەکان و ناوەندى شارەکان رێبکەن، بەپێچەوانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ