راوێژکارێکی بانکە تایبەتەکانی عێراق: سوودانی دۆسیەی سزادانی 28 بانکەکە دەباتە ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق رایگەیاند بابەتی سزادانی ئەو 28 بانکەی لە عێراقدا خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە یەکێک دەبێت لە دیارترین ئەو بابەتە داراییانەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسیدەکات.
 
سەمیر نوسێری، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، محەممەد شیاع سوودانی کە شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق و کۆمەڵەکەی ئێمە و ژمارەیەک لە خاوەنکار و سەرمایەداران هاوەڵی دەبن، باسی دۆسیەی ئەو 28 بانکە دەکات کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی پێنەدانی دۆلار پێیان."
 
سەمیر نوسێری گوتی: "باسی هۆکارەکانی خستنەلیستی سزاکان و پێداچوونەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەو بڕیارانە و هەوڵدان بۆ لابردنی سزاکان دەکرێت."
 
راوێژکارەکەی بانکە تایبەتەکان باسی لەوەشکرد، ئەو دۆسییە یەکێکە لە دۆسیە گرنگەکان، چونکە دەچێتە چوارچێوەی چاکسازیی دارایی کە کارنامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە.
 
بڕیارە 15ـی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات، ژمارەیەک دۆسیە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات، لەوانە سیاسی، ئەمنی، سەربازی و دارایی و ئابووری، جگە لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆسیەی نێودەوڵەتی.
 
ئەو بانکانەی لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە پێدانی دۆلاری ئەمریکی بێبەشکراون 31 بانک و نزیکەی 75 دامەزراوەی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، بەگوتەی راوێژکارەکەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لەو بانکانە سێ دانەیان پێشتر و لە ساڵی 2016 سزادراون.
 
بێبەشکردنی پێدانی دۆلار کە هێشتا لە رێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی لە بانکی ناوەندی بە بانک و دامەزراوە داراییەکان دەدرێت، زۆر جار لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاساوەکەی تێوەگلانی ئەو بانکانە بووە لە پرسی تیرۆر و پارەدارکردنی پارە بۆ مامەڵەی نەگونجاو لەنێویاندا شووشتنەوەی پارە.