کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق: مانگی رابردوو 9 بوومەلەرزە روویانداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 24 بوومەلەرزەیان لە عێراق و دەوروبەری تۆمار کردووە، نۆ بوومەلەرزەیان لەنێو عێراقدا روویانداوە و سێ بوومەلەرزەش لە سنووری نێوان عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا. گوتەبێژی دەستەکەش دەڵێت، "مانگی رابردوو یەکێک بووە لەو مانگانەی چالاکیی بوومەلەرزەی زۆری تێدا تۆمار کراوە."
 
رۆژی سێشەممە 04-04-2023 عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بوومەلەرزەکانی مانگی رابردووی تورکیا چالاکییەکانی جووڵەی پلێتەکانی زەوی لە ناوچەکەدا زیادیکردووە، هەرچەندە ژمارەی ئەو بوومەلەرزانەشی کە پلەی کەمتریان هەیە زیاتر بوون، بەڵام مانگی رابردوو لانیکەم 9 بوومەلەرزە لەنێو عێراقدا روویانداوە."
 
بەپێی بەشی چاودێریی بوومەلەرزە لە دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، مانگی ئاداری 2023 ژمارەی ئەو بوومەلەرزانەی لەنێو عێراق روویانداوە 9 بوومەلەرزە بوون، 9 بوومەلەرزەش لە ئێران روویانداوە، دوو بوومەلەرزە لە سووریا و یەک بوومەلەرزە لە تورکیا و دوو بوومەلەرزە لەسەر سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران، یەک بوومەلەرزەش لە سنووری نێوان عێراق و تورکیا، گوڕی بوومەلەرزەکانیش لەنێوان 1، 2 بۆ 5 پلە بە پێوەری رێختەر بوون، قوڵایی بوومەلەرزەکانیش لەنێوان 5 بۆ 22 کیلۆمەتر بوون.
 
بەپێی راپۆرتەکە لە بوومەلەرزەکانی مانگی ئاداردا هیچ زیانێکی گیانی و دارایی تۆمار نەکراوە.