سوودانی: رێککەوتنەکەمان لەگەڵ هەولێر لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکانە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە "لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندایە." 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، ئەمڕۆ سێشەممە، 4-4-2023 لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا و رایگەیاند، "لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەناردەکردنی نەوت راگیرابوو. راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە." 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سوودانی گوتی، "ئێمە لە خەمی ئەوەداین کورتهێنان لە بودجە زیاتر نەبێت." 
 
دەقی گوتەکانی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق 
 
سەرۆكوەزيرانى هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى هاتوون بۆ بەغدا بۆ ئەوەى واژۆ لەسەر رەشنووسی کاتى رێککەوتنى نێوان وەزارەتى نەوتى فیداڵ و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان، لەپێناو دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە هەرێمى کوردستان و کەرکووک [بکرێت]. بەدرێژایی چەند رۆژى رابردوو دانوستان هەبوو، لەدواى بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى لەسەر ئەو بنەمایەش پرۆسەى هەناردەکردنى نەوت راگیرا.
 
راگرتنى هەناردەى نەوت زیانێکى گەورە لە تێکڕاى داهاتى نەوت دەدات لە عێراق، زیانەکەى تەنیا بۆ هەرێمى کوردستان نییە، بگرە زیانى بۆ تێکڕاى داهاتى نەوتى تۆمارکراو دەبێت، لە پرۆژەیاساى بودجەى گشتى بۆ سێ ساڵى داهاتوو وەک ئەوەى ئەنجوومەنى وەزیران پەسندی کردووە، ئەوە بەدڵنیاییەوە کاریگەرى لەسەر ئاستى کورتهێنانى بودجە دەبێت، کە بەشێوەیەکى زۆر بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەبوو رێککەوتن بکرێت و بگەینە ئەم لێتێگەیشتنە و دەست بەجێبەجێکردنى بکەین، لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە کە هەر ئێستا دەستبکەن بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە و دۆزینەوەى رێگە یاساییەکان بۆ ئەو پرسە. 
 
ئەو رێککەوتنە ویستى جیدى و راستى حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپات دەکاتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى سەرجەم کێشە و بەربەستەکان، کە چەندین ساڵە بۆمان ماوەتەوە و دوادەخرێن بەبێ ئەوەى چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، رووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ دەستکەوتەکان لەبەرژەوەندى گشتییەوە سەرچاوەى گرتووە، بۆ هەموو رۆڵەکانى گەلى عێراق لە هەرێمى کوردستان بێت یان لە پارێزگاکانى دیکە، ئەمە لە پرۆژەیاسای بودجەى گشتى رەنگدانەوەى هەبوو، کە هیوادارین پەرلەمانتاران بە شێوەیەکى خێرا پەسندی بکەن بۆ ئەوەى ببێتە چەترێک بۆ هەموو دۆسیەکە بە هەموو وردەکارییە ئاڵۆزەکانیانەوە، دەستکەوتێکى دیکە چاوەڕوانمان دەکات کە پرۆژەیاساى نەوت و گازە کە هەموو کەلێن و کێشەکانى ئەو پرسە چارەسەر دەکات کە لەدوای پەسندکردنى دەستوورەوە دروستبوون. 
 
ستایشى هەوڵى هەردوو تیمى حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین لە دانوستانە بەرپرسانەکانیان، ئومێدەوارم کە دەست بکەن بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە. 
 
دۆسیەکى هەڵپەسێردراوى چەند ساڵە هەیە لە عێراق، چەندین ساڵە گرێبەست کراوە، ئێستا واقێکى جیاواز هەیە، کە ئیرادە و رێککەوتنى سیاسى تێدایە، لەبەرژەوەندى هەموو عێراقییەکانە کە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرى ئەو دۆسیانە بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى گشتى.