کاردیناڵ لویس ساکۆ: پاپا فرانسیس 350 هەزار دۆلاری پێشکێشی عێراق کردووە

04-04-2021
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن سەردانی پاپا فرانسیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق و جیهان دەڵێت، پاپای ڤاتیکان لە سەردانەکەی مانگی رابردوویدا بۆ عێراق بڕی 350 هەزار دۆلاری پێشکێشی عێراق کردووە بۆئەوەی بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانە خەرجبکرێت کە شەڕ، کێشەی ئابووری و پەتای کۆرۆنا کاریگەریی گەورەی لەسەریان هەبووە.
 
کاردیناڵ لویس رافائیل ساکۆ رایگەیاند، 250 هەزار دۆلار لەو پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرجدەکرێت، 50 هەزاری دراوەتە بەرپرسانی کلدانیی موسڵ و 50 هەزارەکەی دیکەی دراوەتە بەرپرسانی کاسۆلیکی سریانی، بۆئەوەی بۆ مەبەستی گونجاو بەکاریبهێنن.
 
پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق و جیهان ئاماژەی بەوە کردووە، دەست بە خەرجکردنی ئەو پارەیە کراوە و "تاوەکو ئێستاش 12 پاکێجی خۆراکمان لە سەرانسەری وڵات دابەشکردووە" و ئەویش بەبێ جیاوازیی ئایینی بەسەر خێزانەکاندا دابەشدەکرێت.
 
کاردیناڵ ساکۆ نامەیەکیشی بۆ پاپا فرانسیس ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێی خۆشە سەردانی ڤاتیکان بکات بۆئەوەی سوپاسی پاپا فرانسیس بکات لە بەرامبەر سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆرۆنا رێگرە.
 
لە نامەکەیدا پاتریارکی کلدانییەکان جەخت لەوەش دەکاتەوە، سەردانەکەی پاپا فرانسیس لەلایەن تەواوی پێکهاتەکانی عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا، رووی دەمی دەکاتە پاپای ڤاتیکان و دەشڵێت، "هۆشیارت کردینەوە لە گرنگیی قبووڵکردن و رێزگرتن لە جیاوازییەکان، مامەڵەکردن وەکو برا، یەکدی خۆشویستن، یارمەتیدانی یەکدی بۆ رەخساندنی زەمینەیەک کە تێیدا هەموو کەسێک ئازادانە و شکۆمەندانە بژی و مافەکانیشی پارێزراوبن".
 
رۆژی 5ی مانگی رابردوو، پاپا فرانسیس گەیشتە بەغدا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە لایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا. رۆژی 6ی مانگ سەردانی نەجەفی کرد و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆبووەوە و دواتریش سەردانی شاری شوێنەوایی ئووری کرد.
 
رۆژی 7ی مانگ، پاپای ڤاتیکان گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا. هەمان رۆژ پاپا فرانسیس سەردانی موسڵ و قەرەقووشی کرد و دواتر گەڕایەوە هەولێر و لە یاریگەی نێودەوڵەتیی فرانسۆ هەریری بەشداریی لە رێوڕەسمێکدا کرد.
 
رۆژی 8ی مانگ، پاپا فرانسیس لە بەغداوە گەڕایەوە ڤاتیکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە