بەرپرسێکى رەوتى حیکمە: چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى رەوتى حیکمە رایگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ یەکلاییکردنەوەى پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، رۆژى ئەو هەڵبژاردنە و هەڵوێستى بەرامبەر بەربژێرانى ئەو پۆستە، کۆدەبێتەوە.
4ـی ئاداری 2024، ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رۆژى 5ـی ئادار، هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ تاوتوێکردنى پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە.
ئەحمەد عیساوى گوتى "لەو کۆبوونەوەیەدا هەڵوێستى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى رۆژى هەڵبژاردنەکە لە پەرلەمان و دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێران یان سەرپشککردنى پەرلەمانتارانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ دەنگدان بە یەکێک لە بەربژێرەکان یەکلادەکرێتەوە."
13ـی کانوونى دووەمى 2024، پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان کۆبووەوە، لەپاش ئەوەى دەنگدان گەیشتە گەڕى دووەم لەنێوان شەعلان کەریم و سالم عیساوى بەربژێرانى ئەو پۆستە، موحسین مەندەلاوى، لەبرى سەرۆکى پەرلەمان کۆبوونەوەى بۆ کاتێکى نادیار دواخست.
ئەحمەد عیساوى ئاماژەى بەوەدا، کە بەشێک لە هێزە سوننەکان دواکارییەکیان داوەتە چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ دیاریکردنى رۆژێک بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و ئەگەر رۆژەکەى دیاریکرا، کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى لە گەڕى دووەمى دەنگدانەکەوە تەواو دەکرێت، کە لەنێوان هەردوو بەربژێرەکەدا بوو.
2ـی شوبات، نوێنەرانى هاوپەیمانییەکانی عەزم، سیادە، حەسم، پارتی جەماهیر و چەند پەرلەمانتارێکی عەقدی وەتەنی چەند پەرلەمانتارێکى دیکە کۆبوونەوە و لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام هاوپەیمانى تەقەدووم بەشدار نەبوو لەو کۆبوونەوەیەدا.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامیێتیى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدوومى لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە سەرۆکی پەرلەمانیش بوو، لەو کاتەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵ بووە.