پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرد

04-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرا. پەرلەمانتارێکی بەشدار لە دانیشتنەکە دەڵێت، نزیکەی 40 بۆ 50 تێببینی و رەخنەی لێ گیراوە، بۆیە دەنێردرێت بۆ لیژنەی یاسایی و دواتر بڕیارە لە دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
 
کاژێر 4:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە 04-03-2023، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ پڕۆژەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018.
 
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە و نزیکەی 40 بۆ 50 رەخنە و تێبینی لەبارەی هەموارەکە خراوەتەڕوو، بۆیە هەموارەکە دەنێردرێتە لیژنەی یاسایی بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو تێبینی و رەخنانە بکرێت و دواتر لە دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە." 
 
بە گوتەی شوان محەممەد، بەگوێرەى هەموارى یاساکە کە خوێندنەوەى دووەمی بۆ کراوە، پێشنیازکراوە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان یەک یاسایان هەبێت، بەڵام لە یەک رۆژدا نەکرێن، هاوکات هاووڵاتییانى دەرەوە بەشداریى هەڵبژاردن دەکەن و پەرلەمانتارى براوە دەبێت لە ماوەى مانگێک دواى دانیشتنی یەکەم، سوێندى یاسایى بخوات، ئەگەرنا جێگرەوەى بۆ دادەنرێت. 
 
پەرلەمانتارەکە لەبارەی داواکاریی حیزبەکەی لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گوتی: "داوامان کردووە ئاوارەکان لە شوێنی خۆیان دەنگبدەن، نەک شوێنێکی دیاریکراویان بۆ بکرێتە مەرج. بۆ نموونە ئاوارەکانی شنگال نابێت بە زۆر داوا بکرێت بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی دەنگبدەن، لە کوێ ئاوارەن لەوێ دەنگبدەن بەو مەرجەی کارتی بایۆمەتری درێژخایەنیان دەرکردبێت. هاوکات داوامان کردووە هیچ پارێزگایەک جیا نەکرێتەوە، دەبێت سەرجەم پارێزگاکان جگە لەوانەی هەرێمی کوردستان هەموویان پێکەوە بکرێن بە کەرکووکیشەوە." 
 
تەوەرەکانی دیکەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمانە بوون: 
 
- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای کۆلێژی ئیمام ئەعزەم.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری فەرمانی ژمارە 15ـی ساڵی 2004 لەبارەی تاپۆکردنی زەوییە نیشتەجێبووەکانی کارمەندانی کۆمپانیای پاڵاوگەی واست/دۆرە.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 53ـی ساڵی 2017.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی داهات ژمارە 10ـی ساڵی 2012. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە