رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەدین پشووی فەرمییان راگەیاند، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەرکردنی فەرمانی وەلائی تایبەت بە یاسای لێبووردنی گشتی لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە؛ بەڵام لە پارێزگای کەرکووک دەوام ئاساییە.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، "سبەی چوارشەممە لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی سەر بە پارێزگاکە پشووی فەرمییە، وەکو دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردن بۆ بێتاوانان و ستەملێکراوان."
محەممەد نووری ئەحمەد، پارێزگاری ئەنباریش رایگەیاند، "هەڵپەساردن و پشوودانی فەرمی بۆ 3 رۆژ لە پارێزگاکە رادەگەیێنم، ئەوە وەکو ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی دەری کردووە بە راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی."
بەڵام ئەو بڕیارە، بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، "دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان و شارەوانییەکان" ناگرێتەوە.
بە هەمان مەبەست، بەدر فەحل، پارێزگای سەلاحەدین بڕیاریدا سبەی چوارشەممە پشووی فەرمی بێت.
سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک پەیامنێرمان رایگەیاند، سبەی لەو پارێزگایە پشوو نییە، تەنیا لە ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەو فەرمانگانەی سەر بە ئەنجوومەنەکەن دەوام ناکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە دادگەی باڵای فیدراڵی، رۆژی سێشەممە 04-02-2025 فەرمانێکی وەلائی دەرکرد بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی و لێبووردنی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ لە ناوچە کوردستانییەکان؛ هەرسێ یاساکە پەرلەمانی عێراق پێکەوە پەسندی کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ