سەدر کەسێک بە "سەگى دڕ" ناودەبات و بە پیاوێکیش دەڵێ لەگەڵ ژنەکەی بچێتە حەج

04-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

موقتەدا سەدر لە وەڵامى پرسیارى لایەنگرانیدا، کەسایەتییەکى سوننە بە "سەگى دڕ" ناودەبات و داوا لە خێڵەکەى دەکات، بێدەنگى بکەن. داوا لە پیاوێکیش دەکات، چونکە "غیرە" لە ژنەکەی دەکات، لەگەڵیدا بچێتە حەج.
 
موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە لە رێگەى نووسینگەکەیەوە وەڵامى ژمارەیەک پرسیارى شوێنکەوتووانی داوەتەوە، کە لە پرسە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان دا ئاراستەیان کردووە. 
 
"سەگى هار" بێدەنگ بکەن 
 
یەکێک لەو پرسیارانەى ئاراستەى موقتەدا سەدر کراوە، تایبەتە بە لێدوان و گوتارەکانى تەها دلێمى کە ئامۆژگاریکار و کەسایێتییەکى سوننەى خێڵى دلێمە و گوایە بۆچوونى "لادەر و تووندڕەوتیی" لە دژى مەزهەبی شیعە هەیە. 
 
موقتەدا سەدر لە وەڵامدا تەها دلێمى بە نەرێنیتر لە "سەگى دڕ" ناو دەبات و تۆمەتباری دەکات بە ورووژاندنى ناکۆکى تایفى. 
 
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە، داوا لە هۆزەکەى تەها دلێمى دەکات بێدەنگى بکەن و خۆیانى لێ بێبەری بکەن، هەروەها داواش لە حکومەت دەکات بەگوێرەى یاسا، مامەڵەى لەگەڵدا بکەن.
 
"ئاگات لە ماڵ و منداڵت بێت"
 
یەکێکى دیکە لەو پرسیارانەى ئاراستەى موقتەدا سەدر کراوە، ژنێکە  پرسیارى ئەوەى لێدەکات بەهۆى سەرقاڵیی بە پرس و وانە ئایینییەکان و ئامادەبوون لە نوێژى هەینى، کاتێکى زۆرى لێ دەڕوات، ژنەکە دەپرسێت؛ ئایا ئەوە کێشەى تێدایە لە رووى گرنگیدان بە منداڵ و هاوژینەکەی. 
 
موقتەدا سەدر لە وەڵامی دا دەڵێت "دەبێت کاتى پێویست بۆ گرنگیپێدان و بەڕێوەبردنیان تەرخان بکات." 
 
"غیرە لە ژنەکەم دەکەم بە تەنیا بچێتە حەج"
 
یەکێک لە لایەنگرانى رەوتەکە پرسیارى ئەوەى لە موقتەدا سەدر کردووە، هاوژینەکەى بەنیازە بەتەنیا بچێت بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج، سەرەڕاى ئەوەى "تەمەنى کەمە" بۆیە غیرەی لێدەکات.
 
ئەوەى پرسیارەکەى کردووە، دەڵێت "نامەوێت رێگرى لێ بکەم و مەرجم ئەوە بووە نیقاب بکات، بەتایبەت کە چەند گەنجێک لە کاروانەکەیدان بۆ حەج، بەڵام مەرجەکەى رەتکردوومەتەوە، ئایا چارەسەر چییە؟" 
 
موقتەدا سەدر لە وەڵامدا پێیگوتووە، خۆى لەگەڵى بچێتە حەج. 
 
لە کەناڵى لایەنەکانى دیکە کار بکەین؟
 
ژمارەیەک لە لایەنگرانى رەوتى نیشتمانیی شیعە پرسیارى ئەوەیان ئاڕاستە کردووە؛ وەک تەکنیککار دەتوانن لەو کەناڵانە کاربکەن کە لە رووى تێڕوانینى سیاسییەوە لەگەڵى دا ناکۆکن؟ 
 
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوە داوە ئەو رێگر نییە، بەڵام لە رووى ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە، باشترە ئەو کارە نەکەن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە